داعش ئازادکردنی چەند دەستگیرکراوێکی ژن رادەگەیەنێت

- 10/17/2019 3:11:00 PM 6801 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێکخراوی داعش بڵاویکردەوە کە چەند دەستگیرکراوێکی ژنیان لەدەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات رزگارکردوە کە سەر بەرێکخراوەکەیان بون و لەماوەى ساڵانی رابردو لەروبەروبونەوەکانیان لەگەڵ هەسەدە دەستگیرکراون.

 

رێکخراوی داعش لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای ئەوە هێرشیانکردوەتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوای رەقە، ژمارەیەک خێزانی چەکدارانی داعشیان رزگاکردوە.

ئاژانسی ئەعماقی نزیک لە داعش ئاماژەی بەوەشکردوە، ئێوارەی دوێنێ هێرشیانکردوەتەسەر "بنکەیەکی هێزەکانی سەر بە پەکەکە" لە گوندی مەحمودلی کە ژمارەیەک خێزانی چەکدارانی داعشیان تێدابوە و "توانیانویانە ئازادیان بکەن".

باسی لەوەشکردوە، "لە هێرشەکدا 6  ئەندامی سەر بە پەکەکە کوژراون کە پاسەوانی ئەو خێزانانەیان کردوە".

هێرشەکەی داعش بۆ سەر هەسەدە لە کاتێکدایە لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە کۆتایهاتنی ئەو رێکخراوە لە سوریا راگەیەنراوە و لە شەش مانگی رابردودا کەمترین هێرشیانکردوەتە سەر هەسەدە، پێشوتریش بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و  ئەوروپی هۆشداریانداوە لەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا دەبێتە هۆی زیندوبوەنەوەی داعش وەکو رێکخراوێکی تیرۆرستی جیهانی.
  



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP