سەرۆک بەرهەم و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە کۆشکی سەلام کۆبونەوە

- 10/17/2019 2:22:00 PM 1616 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ژان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندی یاوەری.

راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە لە چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ پشتوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ڕێگانەدان بە گروپە تیرۆریستییەکان بۆ دوبارە خۆڕێکخستنەوەیان، تا  جارێکی دیکە نەبنە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە و جیھان، بەتایبەتی کە عێراق ھێشتا لەژێر کاریگەری تاوان و وێرانکارییەکانی گروپی تیرۆریستی داعش دەربازی نەبووە.

لە تەوەرەیەکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا، دەبێتە ھۆکاری شکستپێھێنانی ھەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیکردنی تیرۆر، ھاوکات جەختیکردەوە لە پێویستی ڕاگرتنی بەپەلەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و بەھاناوەچونی ھاوڵاتیانی سڤیل لەو ناوچانەی کە روبەڕوبونەوەی سەربازی تێدایە.

ھەر لە دیدارەکەدا باس لە چۆنیەتی بەھێزکردنی پەیوەندییە دو قۆڵییەکان و ھاریکاری ھاوبەشی نێوان ھەردو وڵات کرا، ھاوکات تاوتوێی پێشھاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و جیھان کرا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP