بەپەلە

سەرۆکی روسیا "ئەلفا"ی پێشکەشی پادشای سعودیە کرد

- 10/16/2019 10:34:00 AM 26527 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-          

ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی روسیا لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە، دیاریەکی تایبەتی لەگەڵ خۆیدا بۆ شا سەلمان، پادشای سعودیە بردوە، کە جۆرە هەڵۆیەکی دەگمەن بوە و ناو "ئەلفا"یە.

ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی روسیا دوشەممەی رابردو سەردانی شانشینی سعودیەی کردو لەگەڵ شا سەلمان، پادشای سعودیە کۆبوەوە، هاوکات لەگەڵ خۆیدا هەڵۆیەکی دەگمەنی لە جۆری GYRFALCON بردبوە ئەو وڵاتە و پێشکەشی پادشای سعودیەی کرد.

ناوی هەڵۆکە ئەلفایە، بەڵام پێدەچێت خاوەنە نوێکەی کە ئێستا شا سەلمانە ناوێکی نوێی بۆ هەڵبژێرێت.

لەساتی پێشکەشکردنی دیاریەکەدا هەڵۆکە هەردو چاوی بەسترابوەوە، وەک دەرکەوتوە "هەڵۆیەکی توڕە و گێرەشێوێنە".

ئەو دیاریە ناوازەیەی پۆتین لەگەڵ نەریتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گونجاوە، بەهۆی ئەوەی راوکردن بە بەکارهێنانی باڵندە گۆشتخۆرەکانی وەک باز و هەڵۆ یەکێکە لەو یاریانەی کە لەلایەن ئەندامانی خێزانی شاهانەی سعودیە و وڵاتانی دیکەی وەک ئیمارات و ئوردن هەوادارێکی زۆری هەیە.

هەندێک لە شازادەکانی عەرەب ئەو خولیایەیان زۆر بەتوندی وەرگرتوە، بەجۆرێک یەکێک لە شازادەکانی سعودیە لەکاتی گەشتکردن بۆ روسا، 80 تکتی فڕۆکەی بۆ 80 لە هەڵۆکانی بڕیوە، لەکاتی دابەزیندا لە روسیا دوانیان هەڵهاتون، دواتر بە ئەستەم توانراوە بدۆزرێنەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP