نرخی نەوتی خاو جارێکی دیکە بەرزبونەوەی بەخۆوەبینی

- 10/16/2019 10:21:00 AM 2096 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-       

بەهۆی زیادبونی ئەگەری دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، وەبەرهێنەران جارێکی دیکە هیواکانیان بۆ گەشەسەندنی ئابوری جیهان بۆ گەڕاوەتەوە، هەروەها وڵاتانی ئۆپیک رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکەینەوە، ئەوەش بوەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 21 سەنت بەرزبوەتەوە لە دوایین مامەڵەدا بە 58.95 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکراوە، واتا بەڕێژەی %0.3 بەرزبوەتەوە.

لەهەمانکاتدا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی 16 سەنت بەرزبوەوە، بە 52.97 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لەبازاڕەکانی جیهاندا مامەڵەی پێوەکرا، واتا بەڕێژەی %0.3 بەرزبوەتەوە.

شەوی رابردو گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی بریتانیا و یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچو، هەرچەندە هێشتا دڵنیاییان نەداوە لەبارەی ئەوەی ئایا بریتانیا دەتوانێت لە 31-ی ئۆکتۆبەردا یەکێتییەکە جێبهێڵێت، یاخود داوای درێژکردنەوەی ماوەیەکی دیکەی کۆتای دەکات، بەڵام بەهۆی باشی بەڕێوەچونی گفتوگۆکان وەبەرهێنەران هیوایان بەگەشەسەندنی ئابوری بۆگەڕاوەتەوە.

شارەزایانی ئابوری پێیانوایە، بەدەرچونی بریتانیا بەڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا دەبێتە هۆی گەشەسەندنی بازاڕی ئابوری بەگشتی و بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو بەتایبەتی.

لەلایەکی دیکەوە وڵاتانی ئۆپیک و روسیا بەرهەمهێناننی نەوتیان بەبڕی 1.2 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا کەمکردوەتەوە، بۆ زیادکردنەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا بەڵام ئەمریکا رێژەی نەوتی لەعەمبارەکاندا بەرزکردوەتەوە، بەمەش تارادەیەک ئەو فشارەی کەمکردوەتەوە کە وڵاتانی ئۆپیک دروستیانکردوە.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP