لەسەر داوای پۆتین، ئه‌ردۆغان سەردانی روسیا دەکات

- 10/16/2019 9:18:00 AM 2554 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و لەبارەی دۆخی سوریا و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات گفتوگۆیان کرد، هاوکات پۆتین بانگهێشتی ئه‌ردۆغانی کرد سەردانی مۆسکۆ بکات.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا بڵاویکردەوە، ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا ئەنجامداوه‌ باسیان لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات کردوە.
پۆتین و ئەردۆغان جەختیان لەوەکردەوە دەبێت سوپای سوریا و تورکیا خۆیان بەدور بگرن لە روبەڕوبونەوەی سەربازی

 

بەپێی راگەیەندراوەکە، "پۆتین و ئەردۆغان جەختیان لەوەکردەوە دەبێت سوپای سوریا و تورکیا خۆیان بەدور بگرن لە روبەڕوبونەوەی سەربازی". 
پۆتین بانگهێشتنامەی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ناردوە بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی ئایندەدا سەردانی مۆسکۆ بکات

 

هاوکات حکومەتی روسیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پۆتین بانگهێشتنامەی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ناردوە بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی ئایندەدا سەردانی مۆسکۆ بکات و لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆهەڵاتی فورات گفتوگۆ بکەن.
رۆژی پێنجشەممە مایک پێنس، بە سەرۆکایەتی شاندێک دەچێتە ئەنقەرە

 

سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ روسیا لەکاتێکدایە، شەوی رابردو کۆشکی سپی رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە مایک پێنس، بە سەرۆکایەتی شاندێک دەچێتە ئەنقەرە.

ئەندامانەی شاندەکەی ئەمریکا بۆ تورکیا پێکهاتون لە، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆبێرت ئۆبراین، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لە سوریا. 

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە کۆبونەوەکەدا پێنس، جەخت لە سوربونی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و گەیشتن بە رێککەوتن لەڕێگەی گفتوگۆوە دەکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP