بەپەلە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە

- 10/16/2019 9:08:00 AM 9936 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە و لەبارەی دۆخی ناوچەکە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکان گفتوگۆ دەکەن.
کۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو هەنگاوی یەکەم کۆکردنەوەی هەموانە پێکەوە 

 

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "کۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو هەنگاوی یەکەم کۆکردنەوەی هەموانە پێکەوە و پرسی سەرەکی چۆنێتی دۆزینەوەی ئالییەتێکی وا کە لە پرسە چارەنوسازەکان کە پەیوەندیان بە ئایندەی هەرێمەوە هەیە چۆن لایەنە سیاسیەکان بتوانن  بەیەکەوە لەسەر ئەو پرسانەی کە پەیوەندیە ناوخۆییەکان و پەیوەندیەکانی ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و دراوسێکمان و ئەو روداوانەی کە لەناوچەکەدا رودەدەن کاریگەریەکانی بەسەر هەرێمەوە هەیە هەوڵبدرێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت لە هەر زیانێک کە چاوەڕوان بکرێت، ئیدی هەر هۆکارێکی هەبێت".
ئێمە دەبێت لە شوێنکدا بە یەک بگەین و بیروبۆچونی سەرۆکی هەرێمە کە دەبێت شوێنک هەبێت لایەنە سیاسیەکان بە گشتی بە پێکهاتەو سەرجەم ئاینەکانەوە، تیایدا بتوانن کۆدەنگییەک یاخود بیروڕا گۆڕینەوەیەک لەسەر پرسە سیاسیەکان هەبێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە دەبێت لە شوێنکدا بە یەک بگەین و بیروبۆچونی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە کە دەبێت شوێنک هەبێت لایەنە سیاسیەکان بە گشتی بە پێکهاتەو سەرجەم ئاینەکانەوە، تیایدا بتوانن کۆدەنگییەک یاخود بیروڕا گۆڕینەوەیەک لەسەر پرسە سیاسیەکان هەبێت کە گرنگن بە نسبەت هەرێمی کوردستانەوە".
هیچ کێشەیەک لەم ناوچەیە بە تایبەت ئەوەی پەیوەستە بە گەلی کوردستانەوە بە چەک و هەوڵدان بۆ لەناوبردن یان هەر شێوازێکی توندوتیژی چارەسەر نەبوە

 

لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا دڵشاد شەهاب وتی، "قەناعەتێکی جێگیر لای جەنابی سەرۆکی هەرێم و لای دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم هەیە و وە تەجروبەی گەلی کوردستان سەلماندویەتی بە درێژایی مێژو زیاتر لە سەدەیەکە هیچ کێشەیەک لەم ناوچەیە بە تایبەت ئەوەی پەیوەستە بە گەلی کوردستانەوە بە چەک و هەوڵدان بۆ لەناوبردن یان هەر شێوازێکی توندوتیژی چارەسەر نەبوە".

رونیشکردەوە، "بەدرێژایی 100 ساڵی رابردودا گەلی کوردستانیش نەیتوانیوە بە چەک مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت، بۆیە لە نەتیجەی ئەم تەجروبەیەوە پێمان وایە کە دەبێت شێوازی تر هەبن بۆ ئەوەی بیگرینەبەر بۆ چارەسەری کێشەکان، شەڕ و ئاشوب لەم ناوچەیەدا پێشتریش لە هەڵوێستی فەرمی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا رونبوەوە کە لە روانگە بەرپرسیارێتی خۆمان بەرامبەر بە میللەتی خۆمان و هەرێمی کوردستان و دامەزراوە سیاسیەکان لە ئەولەوتی خۆیدا دەبێت، بەرەچاوکردنی تایبەتمەندیەکانی هەرێمە، ئێمە ئێستا کیانێکمان هەیە لە چوارچێوەی دەستوری عێراقیدا مامەڵەیەکی فەرمی لەگەڵ ئێمەدا دەکرێت".
نابێت هەرێم راستەوخۆ ببێتە لایەنگیر لە هیچ پرسێک کە لەناوچەکەدا هەیە، چونکە ئێمەش بارودۆخی تایبەت بە خۆمان هەیە و و دەبێت حسابی پەیوەندیەکانی خۆمان لەگەڵ دراوسێکانی خۆمان بکەین

 

راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، یەکێک لەو خاڵانەی کە تا ئێستاش بۆ هەرێمی کوردستان بوەتە خاڵی بەهێز و دنیاش تەقدیری دەکات ئەوەیە، کە "نابێت هەرێم راستەوخۆ ببێتە لایەنگیر لە هیچ پرسێک کە لەناوچەکەدا هەیە، چونکە ئێمەش بارودۆخی تایبەت بە خۆمان هەیە و و دەبێت حسابی پەیوەندیەکانی خۆمان لەگەڵ دراوسێکانی خۆمان بکەین، بەڵام دەبێت لە نێوان بیرکردنەوەی چارەسەر بە توندوتیژی و لە نێوان هەڵوێست وەرگرتن بەشێوەیەکی عاقڵانە دەبێت سیاسەتێکی عاقڵانە بگیردرێتەبەر و بتوانین چارەسەرێکی دیکە بۆ بەدیلی شەڕ بدۆزینەوە و هەروەها رەچاوی بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکەین کە ئەوە ئامانج و ئەرکی یەکەمی دامەزراوەی هەرێمی کوردستانە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP