بەپەلە

ئەمڕۆ موچەی ئەم شوێنانە دابەشدەکرێت

- 10/16/2019 8:41:00 AM 45447 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دابەشکردنی موچەی مانگی تەموزی ئەمساڵ بەردەوامە و ئەمڕۆ چوارشەممە موچەی چەند شوێنک دابەشدەکرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ موچەی هەریەکە لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و کەمئەندامان دابەشدەکرێت. 

دوێنێ خەندان بڵاویکردبوەوە، رۆژی دوشەممە 14/10/2019، وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردوە و پارەكە خراوەتە سەر هەژماری بانكی ناوەندی عێراق لە هەولێر.

هاوکات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "لەئێستادا حكومەتی هەرێم پارەی پێویستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی لەبەر دەستەو دابەشكردنی موچە بەردەوام دەبێت".

وەزارەتی دارایی مانگە بە دو قۆناغ دەستبەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دەکات، قۆناغی یەکەم پشت بە داهاتی نەتی فرۆشراو دەبەستێت و قۆناغی دوەمیش لەو پارەیە دابەشدەکرێت کە لە بەغداوە دەگاتە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی و ئابوری لەمساڵدا نۆ موچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، سێ موچەیان هی مانگەکانی 10، 11 و 12ی ساڵی رابردو بو، کە بەهۆی "قەیرانی دارایی"یەوە نەدرابو، هەروەها شەش موچەی ئەمساڵیش دابەشکراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP