"ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئابوری هه‌رێم هه‌مه‌جۆر بكه‌ین"
قوباد تاڵەبانی: پێداچونه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری دەکەین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتینات

- 10/14/2019 3:57:00 PM 1412 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، هه‌نگاوەکانی چاكسازی لە هەرێمی کوردستان به‌ پشتیوانی ئه‌مریكا ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ حوكمرانیه‌كی دروستتر، دەشڵێت، "پێداچونه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری دەکەین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتینیات لە هەرێمی کوردستاندا". 
وه‌ك حكومه‌ت به‌رپرسین له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌ش به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی قورسه‌ له‌و قۆناغه‌دا

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە وتارێکدا له‌ كۆنفرانسی ئه‌نجومه‌نی ئابوری ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ رایگه‌یاند، "وه‌ك حكومه‌ت به‌رپرسین له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم ئه‌وه‌ش به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی قورسه‌ له‌و قۆناغه‌دا، بەرپرسیارێتی ئێمه‌ بۆ چاكسازی و پێشخستی هه‌رێم و باشتركردنی خزمه‌تگوزاریه‌كانە و په‌ره‌ی پێده‌ده‌ین، ئه‌و چاكسازیانه‌ی له‌ كابینه‌ی رابردو ده‌ستمان پێكردوه‌ له‌سه‌ری به‌رده‌وام ده‌بین".
چاكسازی هاوكارده‌بێت بۆ هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیاکان دوربکەونەوە له‌و رۆتینیاته‌ی روبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه‌

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "چاكسازی هاوكارده‌بێت بۆ هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیاکان دوربکەونەوە له‌و رۆتینیاته‌ی روبه‌ڕوی دەبنەوە، چاكسازیه‌كان به‌ره‌و حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنیمان ده‌بات و دورمان ده‌خاته‌وه‌ له‌ كیتاب و نوسراو و له‌و ده‌ستی ده‌ستیه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت له‌ نێوان فەرمانگەکان، هاوڵاتی په‌نجه‌رە په‌نجه‌رە ده‌ڕوات پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ په‌نجه‌ره‌ی كۆتایی پێی ده‌ڵێن كێشه‌یه‌كی هه‌یه‌ و ده‌ینرێنه‌وه‌ په‌نجه‌ره‌كانی یه‌كه‌م".
ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی چاكسازی به‌ پشتیوانی ئه‌مریكا ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ حوكمرانیه‌كی دروستتر، حكومه‌تێك خزمه‌تی زیاتر بكات

 

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتیشی، "ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی چاكسازی به‌ پشتیوانی ئه‌مریكا ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ حوكمرانیه‌كی دروستتر، حكومه‌تێك خزمه‌تی زیاتر بكات، په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان له‌گه‌ڵ هه‌مولایه‌ك خیراتر و كاره‌كانی شه‌فاف تر بێت، به‌جۆرێك هاوڵاتیه‌ك یان خاوه‌نكارێك یان وه‌به‌رهێنێك كارێكی له‌ حكومه‌ت كات هه‌ست بكات حكومه‌ت هاوكاری ده‌بێت نه‌ك ئاسته‌نگی بۆ دروست بكات".
حكومه‌ت پێداچونه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری ده‌كات له‌هه‌مو ئه‌و بوارانه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتینیان و یه‌كسانكردنی رێنمایی و تێچوه‌كان و راگه‌یاندن و شه‌فافكردنی كاره‌كان له‌لایه‌ن هاوڵاتیان

 

تاڵەبانی دوپاتیشیكرده‌وه‌، "حكومه‌ت پێداچونه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری ده‌كات له‌هه‌مو ئه‌و بوارانه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتینیان و یه‌كسانكردنی رێنمایی و تێچوه‌كان و راگه‌یاندن و شه‌فافكردنی كاره‌كان له‌لایه‌ن هاوڵاتیان، هه‌نگاومان ناوه‌ و ده‌ستمان پێكردوه‌ له‌ پڕۆسه‌ی تۆماری كۆمپانیاکان، ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌ك نه‌توانێت خۆی زو تۆمار بكات ناتوانێت له‌ كوردستان كار بكات، ده‌رفه‌ت له‌ ناوچه‌كه‌ زۆره‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت په‌ره‌ به‌ یوه‌ندیه‌كانمان بده‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌بێت كارئاسانیان بۆ بكه‌ین".
نه‌وت به‌دیل نیه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌بێت، به‌ڵام نابێت هه‌مو هێلكه‌كانی خۆمان بخه‌ینه‌ سه‌به‌ته‌ی نه‌وت یان به‌رمیلی نه‌وت

 

رونیشیکردەوە، "ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئابوری هه‌رێم هه‌مه‌جۆر بكه‌ین، نه‌وت به‌دیل نیه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌بێت، به‌ڵام نابێت هه‌مو هێلكه‌كانی خۆمان بخه‌ینه‌ سه‌به‌ته‌ی نه‌وت یان به‌رمیلی نه‌وت، زەویەکی به‌ پیتمان هه‌یه‌ كاتی هاتوه‌ گرنگی به‌ كشتوكاڵ بده‌ین و كاتی هاتوه‌ بایه‌خی پێبده‌ین، له‌ بواری پیشه‌زسازیش كه‌ره‌سته‌ی خاومان زۆره‌ كاتی هاتوه‌ گه‌شه‌یان پێبده‌ین، تاوه‌كو پشتیوانێك بێت بۆ كه‌رتی نه‌وت".
له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌ی نوێ بڕیارماندا ئه‌وله‌ویتی ئێمه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ و باشتركردن و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند

 

جێگری سەرۆکی حکومەت باسی له‌وه‌شكرد، چاكسازی و به‌ ئەیكترۆنیكردنی حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ند گرنگە بۆ ئێمه‌، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانمان له‌گه‌ڵ عێراق گرنگترە، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌ی نوێ بڕیارماندا ئه‌وله‌ویتی ئێمه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ و باشتركردن و چاره‌سه‌ر كێشه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند بێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، هه‌نگاوی باشمان ناوه‌ به‌داخه‌وه‌ گرژیی و ئاڵۆزیه‌كان و خۆپیشاندانه‌كانی عێراق كه‌مێك سیستی كه‌وته‌ ناو گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەغدا، به‌ڵام دوێنی ده‌ستیپێكردوته‌وه‌ و دڵنیام ئه‌و گفتوگۆیانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌گه‌ینه‌ ئه‌نجامی گونجاو له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوردا، له‌سه‌ر سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوانمان له‌ نه‌وت و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و مه‌له‌فی ئه‌منی".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP