یەکێتی ئەوروپا بەکۆی دەنگ سزادانی تورکیای راگەیاند

- 10/14/2019 3:55:00 PM 76357 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەکێتی ئەوروپا لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بەکۆی دەنگی وڵاتانی ئەندام سزادانی تورکیای راگەیاند.

بەپێی هەواڵێکی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ بەمەبەستی راگرتنی هەناردەکردنی چەک لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە یۆ تورکیا بەڕێوەچو.

لەوبارەیەوە، هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەوروپیەکانیدا لەیەکێتی ئەوروپادا رایگەیاند، نامەنەوێت پاڵپشتی ئەو جەنگە بکەین کە تورکیا هەڵیگیرساندوە، نامەنەوێت بەهیچ جۆرێک چەکیشی بۆ دابین بکەین.

یەکێتی ئەووپا، کە تائێستا تورکیا لەهەوڵدایە بۆ بون بە ئەندام تییایدا، ئیدانەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیەی کرد، کە لەدژی کوردەکانی رۆژئاڤا ئەنجامدراوە، لەوەڵامدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هەرەشەی ناردنی پەنابەرەکانی بۆ ئەوروپا کرد.

لەمیانەی کۆبونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، ئەو هێرشەی تورکیا دەبێتە هۆی دروستبونی کارەساتێکی مرۆڤایەتی، دەبێت بە پەلە ناردنی چەک بۆ ئەو وڵاتە رابگیرێت.

ساڵی رابردو یەکێتی ئەوروپا بەبڕی 50 ملیۆن دۆلار چەکی بەتورکیا فڕۆشتوە، بەگوێرەی زانیاریەکانی نوسینگەی ئاماری یەکێتی ئەوروپا، ئیتاڵیا هەناردەکەری سەرەکی چەکە بۆ تورکیا، لەدوای ئەویش وڵاتانی ئیسپانیا و بریتانیا پاشانیش ئەڵمانیا دێت.

لەهەمانکاتدا بەبڕی 1.4 ملیۆن یۆرۆ فڕکەیان بە تورکی فڕۆشتوە، بەڵام فڕۆکەکان هەموی سەربازی نەبون.

جۆزێف بۆریل، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە، ئێمە هێزێکی ئەفسوناویمان نییە بۆ وەستاندنی لەشکرکێشییەکە، بەڵام هەمو فشارێک کە لەتواناماندا بێت دەیسەپێنین بۆ راگرتنی لەشکرکێشیەکەی تورکیا.

هەندێک لە دیبلۆماسەکانی یونان و قوبرس، بریاری سەپاندنی سزای ئابوری بە رێگریکردن لەهەناردەکردنی گازی تورکیا، کە بە باشوری ئاوەکانی قوبرسدا دەڕوات.

لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا رایانگەیاند، یەکێتی ئەوروپا بریاری راگرتنی چەکی بە تورکیا راگرت و هەمو ئەندامانی یەکێتیەکە کە لە 28 وڵات پێکهاتبون پابەندی خۆیان بەو بڕیارە دوپاتکردەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP