فوئاد حوسێن: وڵاتانی ناوچەكه‌ و جیهان به‌ بڕیاره‌ هه‌ڵه‌كانیاندا بچنه‌وه‌

- 10/14/2019 2:56:00 PM 2343 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر 

جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی رایده‌گه‌یه‌نێت، هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر بواری ئابوری و ئه‌منی عێراق هه‌یه‌.

فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی ئەمڕۆ له‌ میانی وتارێكیدا له‌ كۆنفرانسی ئه‌نجومه‌نی ئابوری ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بارودۆخێكی سیاسی ئالۆز هه‌یه‌ له‌ ناوخۆی عێراق و ناوچه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای وانیه‌ كه‌ ده‌رفه‌ت نیه‌ بۆ چاكسازی و باشكردنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ و دروستكردنی په‌یوه‌ندی.
بارودۆخی ئابوری هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی توندی به‌ ئابوری عێراق هه‌یه‌ ئابوری عێراقیش په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بارودۆخی ئابوری هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی توندی به‌ ئابوری عێراق هه‌یه‌ ئابوری عێراقیش په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئابوری هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌به‌رده‌م ته‌حه‌دی ناوخۆ و دره‌وه‌یه‌".
 په‌یوه‌ندی واشتن و توركیا كاریگه‌ری راسته‌خۆی له‌سه‌ر ئابوری عێراق هه‌یه‌

 

فوئاد حوسێن وتیشی، په‌یوه‌ندی واشتن و توركیا كاریگه‌ری راسته‌خۆی له‌سه‌ر ئابوری عێراق هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه‌ به‌ وڵاتان كێشه‌ی ده‌ره‌كی بێت بۆ عێراق كێشه‌یه‌كی ناوخۆیه‌، چونكه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ و كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئابوری و ئه‌منی عێراق هه‌یه‌.
به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیا 70 هه‌زار خێزانی تیرۆرستان ئازاد بون، له‌وه‌ش ترسناكتر دو هه‌زار تیرۆرست كه‌ زۆربه‌یان هی وڵاتانی رۆژئاوان ئازاد بون

 

رونیشیکردەوە، "به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیا 70 هه‌زار خێزانی تیرۆرستان ئازاد بون، له‌وه‌ش ترسناكتر دو هه‌زار تیرۆرست كه‌ زۆربه‌یان هی وڵاتانی رۆژئاوان ئازاد بون، كه‌ به‌شێكیان سه‌ركرده‌كانی داعشن، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزبونه‌وه‌ی داعش كه‌ بێگومان گۆڕه‌پانی كرده‌وه‌ تیرۆرستیه‌كانی داعش سوریا و عێراق ده‌بێت، چونكه‌ 31 هه‌زار خێزانی ئه‌و تیرۆرستانه‌ عێراقین، بۆیه‌ پێویسته‌ وڵاتانی ناوچەكه‌ و جیهان به‌ بڕیاره‌ هه‌ڵه‌كانیدا بچنه‌وه‌".

كابینه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی كه‌ ده‌ستی به‌كاركرد كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌منی له‌ عێراق هه‌بون

 

لەبارەی حکومەتی عێراقەوە، فوئاد حسێن وتی، "كابینه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی كه‌ ده‌ستی به‌كاركرد كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌منی له‌ عێراق هه‌بون، ئه‌و كابینه‌یه‌ به‌رنامه‌یه‌كی رونی هه‌یه‌ له‌ گۆڕانكاری له‌ ئابوری عێراق و باشتركردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان، له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی كابینه‌كه‌دا به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ 15 بۆ 16 هه‌زار مێگاوات بۆ نزیكه‌ی 20 هه‌زار مێگاوات زیادی كردوه‌، به‌ڵام كێشه‌ی گه‌یاندنی كاره‌با و دابه‌شكردنمان هه‌یه‌، ئێستا حكومه‌ت كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات".

له‌ 88% بۆ 90% بودجه‌ی عێراق پشتی به‌ نه‌وت به‌ستوه‌، بۆیه‌ به‌رزبونه‌وه‌ و نزمبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر بودجه‌ی عێراق و بواری ئابوری هه‌یه‌

 

لەبارەی بودجەی عێراقەوە جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابوری رونیکردەوە، "له‌ 88% بۆ 90% بودجه‌ی عێراق پشتی به‌ نه‌وت به‌ستوه‌، بۆیه‌ به‌رزبونه‌وه‌ و نزمبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر بودجه‌ی عێراق و بواری ئابوری هه‌یه‌، بۆ ساڵی 2019 نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌ 56 دۆلار خه‌ملێندرا، به‌ڵام بۆ ساڵی داهاتو نرخی یه‌ك به‌رمیل به‌ 46 بۆ 50 دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ خۆپیشاندانه‌كان فشارێكی زۆری له‌سه‌ر بودجه‌ دروست كردوه‌ چونكه‌ 200 هه‌زار كه‌س ده‌هێندرێته‌وه‌ ناو ریزه‌كانی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیس".

په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان عێراق له‌ ماوه‌ی دو سێ ساڵی رابردو پچرابو و خراپ و له‌ هه‌ندێک قۆناغ شه‌ڕ هه‌بو له‌ نێوانیان

 

لەبارەی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا فوئاد حسێن دەڵێت، "په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان عێراق له‌ ماوه‌ی دو سێ ساڵی رابردو پچرابو و خراپ و له‌ هه‌ندێک قۆناغ شه‌ڕ هه‌بو له‌ نێوانیان، ئێستا ئه‌و لاپه‌ڕه‌ نه‌ماوه‌، ئێستا له‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی ترین له‌ قۆناغی دانوستانین و به‌رده‌وامین له‌ دانوستان".

ئەوەشی خستەڕو، "هیوادارم له‌ داهاتو ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ربێت و جارێكی دیكه‌ پرۆسه‌ی دانوستان ده‌ست پێبكاته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ردولا پێویستیان به‌ یه‌كتره‌، ئه‌و بارودۆخه‌ی هه‌یه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندیه‌كی باش و توند هه‌بێت له‌ نێوانیان، پێویسته‌ رێگه‌چاره‌یه‌ك ببینه‌وه‌ كه‌ چۆن ده‌گه‌ینه‌ رێكکه‌وتن له‌سه‌ر بودجه‌ و پرسه‌كانی تر".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP