ترەمپ: پێدەچێت کورد بیانەوێت بەئازادکردنی چەکدارانی داعش ئێمە راکێشنە ناو شەڕەکە

- 10/14/2019 2:22:00 PM 11965 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کەمێک بەرلەئێستا لەبارەی دۆخی دواین پێشهاتەکانی لەشکرکێشی تورکیا بۆسەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتویتەر نوسیویەتی، پێدەچێت کورد بیانەوێت بەئازادکردنی چەکدارانی داعش ئێمە راکێشنە ناو شەڕەکە.

لەتویتەکەیدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆچونەکانی بریان کیلمادی بەهەڵە زانیوە و وتویەتی، ئێمە ناچینە ناو شەڕی نێوان دولایەنەوە کە ماوەی 200 ساڵە شەڕی یەکتری دەکەن.

لەبارەی مەترسی راکردنی چەکدارانی داعشەوە، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە، ئەوروپییەکان دەرفەتی وەرگرتنەوەی زیندانیانی داعشیان هەبو، بەڵام نەیانکرد چونکە نەیانویست باجەکەی بدەن، دواتر وتیان با ئەمریکا ئەو باجە بدات.

ترەمپ لەبارەی پلانی کوردەوە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەگەر زیندانیانی داعش رابکەن ئەوە بەئاسانی لەلایەن تورکیا و وڵاتانی ئەوروپاوە دەستگیردەکرێنەوە، کە هەر لەلای خۆشیانەوە هاتون، بەڵام پێویستە بەخێرایی بکەونە خۆیان بۆ ئەو مەبەستە.



ترەمپ بەسەر سوڕمانەوە نوسیویەتی، سزای قورس بەڕێوەیە بۆ تورکیا، هەر بەجدی خەڵکێک پێیوایە ئەبێت ئێمە لەگەڵ ئەندامێکی ناتۆ بکەوینە جەنگەوە. 

ترەمپ نوسیویشیەتی ئەو کەسانەی ئێمەیان راکێشا بۆ  ئەو ئاژاوەیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمان ئەو کەسانە دەیانەوێت ئێمە لەو ناوچەیە بمێنینەوە.

لەکۆتای تویتەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە ئایا پێتانوایە جەنگە بێکۆتاکان کۆتاییان دێت؟
 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP