کرملن: داوا لە لایەنە ناکۆکەکانی سوریا دەکەین کردەوە توندوتیژییەکان بوەستێنن

- 10/14/2019 1:43:00 PM 3671 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کەمێک بەرلەئێستا سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاند، داوا لە لایەنەکانی ململانێی سوریا دەکەین کردەوە توندوتیژییەکانیان بوەستێنن و دەرفەت بۆ چارەسەری سیاسی بڕەخسێنن.

 دميتری بيسكوف وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا سەبارەت بە دۆخی ئێستای سوریا و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری ئەو وڵاتە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و  ئاماژەی بەوەکردوە، مۆسکۆ و ئەنقەرە لەسەر روداوەکانی ئەم دوایەی سوریا بەشێوەیەکی رێکخراو لە پەیوەندیدان.

باسی لەوەشکردوە، هەڵوێستی روسیا لەسەر ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا نەگۆڕاوە و جەخت لەوە دەکەنەوە پێویستە هەمو ئەو رێوشوێنانەی دەبنە هۆی پەکخستنی چارەسەری سیاسی لە سوریا بوەستێنرێن.

باسی لەوەشکردوە، "هەموولایەک ئاگادارە لەم چەند رۆژەدا هەندێ لێکتێگەشتن و رێککەوتن لە سوریا کراوە و مۆسکۆ پشتیوانی لە چارەسەرکردنی دۆخی سوریا لە رێگەی چارەسەری سیاسیەوە دەکات".

سەبارەت بە ئەگەری پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سەر بە بەشار ئەسەد لەلایەک و هێزەکانی روسیا و تورکیا لەلایەکی دیکەوە لە ناوچەکانی سنوری تورکیا کە ئۆپراسیۆنی تێدا بەڕێوەدەچێت، وتەبێژی کرملن ئاماژەی بەوەکردوە، ئەوان پێشبینی روداوی نەخوازراو ناکەن، چونکە لە چەندین بواری سەبازیدا هەماهەنگیان لەگەڵ تورکیادا هەیە.
 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP