بەپەلە

تیمی ئەمریکا بۆ چەسپاندنی ئارامی رۆژئاڤای کوردستانیان بەجێهێشت

- 10/14/2019 12:48:00 PM 9917 جار خوێندراوەتەوە

 خەندان -    

بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاند، تیمێکی دیبلۆماسی ئەمریکا، کە کاریان بۆ سەقامگیری ئاسایش لەرۆژئاڤای کوردستان دەکرد، ناوچی باکوری رۆژهەڵاتی سوریایان بەجێهێشت.

بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەبیە، ئەمڕۆ دوشەممە بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاند، تیمێکی دیبلۆماسی ئەمریکا، کە کاریان بۆ سەقامگیری ئاسایش لەرۆژئاڤای کوردستان دەکرد، ناوچەکەیان بەجێهێشت.

 ئەم هەنگاوە دوای راگەیەنراوەکەی دوێنێی واشنتۆن دێت، کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەزار سەرباز لەسوریا دەکشێنێتەوە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا هێشتا لەسوریادان، بەڵام هەنگاوی یەکەمی کشانەوەکە دەستیپێکردوە، دەربارەی وردەکاریەکانی کشانەوەکەش هیچ زانیارییەکی دیکەی نەدرکاند.

دوێنێ وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەنجامداوە بۆ جێبەجێکردنی کشانەوەی بەشی هەرە گەورەی هێزەکانیان لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا، کە ژمارەیان هەزار سەرباز دەبێت.

نۆی ئەم مانگە سوپای تورکیا بە پاڵپشتی گروپە چەکدارەکانی نزیک لەتورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئاسمانی و دواتریش زەمینی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات دەستپێکردوە، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات دایە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP