ئێران: بەڕێگەی سەربازی ناتوانرێت چارەسەری قەیرانی سوریا و ناوچەکە بکرێت

- 10/14/2019 12:43:00 PM 611 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-   

سەرۆک پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئێران داوای دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی بۆ کێشەکانی ناوچەکە دەکات، جەختیشیکردەوە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نە لە سوریا و نە لەهیچ شوێنێکی دیکەدا ئەنجامی نابێت.
کێشەکانی ناوچەکە تەنها لەڕێگەی ئەنجامدانی گفتوگۆی سیاسی چارەسەر دەکرێت

 

بەپێی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، ئەمڕۆ عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەراوێزی کۆبونەوەکانیدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی قەتەردا رایگەیاندوە، "کێشەکانی ناوچەکە تەنها لەڕێگەی ئەنجامدانی گفتوگۆی سیاسی چارەسەر دەکرێت نەک لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە".
مادام کاردانەوەی سەربازی لەسوریادا سەرکەوتو نەبو، لە هیچ شوێنێکی دیکەدا سەرکەوتو نابێت

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، مادام کاردانەوەی سەربازی لەسوریادا سەرکەوتو نەبو، لە هیچ شوێنێکی دیکەدا سەرکەوتو نابێت.
هەندێک لەوڵاتانی ناوچەکە بون بە هۆکاری دروستکردنی کێشەو ناکۆکی لەو ناوچەکەدا

 

لاریجانی وتیشی، "هەندێک لەوڵاتانی ناوچەکە بون بە هۆکاری دروستکردنی کێشەو ناکۆکی لەو ناوچەکەدا، ئێران ئامادەیە هەمو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی نێوانیان بدات".

نۆی ئەم مانگە سوپای تورکیا بە پاڵپشتی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئاسمانی و دواتریش زەمینی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات دەستپێکردوە، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دایە.

شەممەی رابردو 12ی ئەم مانگە، محەمەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئێران لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگات، بەڵام هەرگیز لەڕێگەی دوژمنکاری و هێرشکردنە سەر باکوری سوریا ناتوانێت ئاسایش بەرقەرار بکات".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP