كونسوڵی ئه‌مریكا لە هەولێر: توركیا له‌ هێرشه‌كانی به‌رده‌وام بێت، سزای بەسەردا دەسەپێنین

- 10/14/2019 12:28:00 PM 4990 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر 

كونسوڵی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، وڵاتەکەی ده‌ڕوانێته‌ بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و ئه‌گه‌ر توركیاش به‌رده‌وام بێت لە هێرشەکانی ئه‌وا واشنتن سزای ئابوری بەسەردا دەسەپێنین.
ئه‌مریكا له‌ چه‌ندین بوار هاتوەته‌ هه‌رێمی كوردستان و پاڵپشتی ده‌كات، له‌وانه‌ بواری ئابوری، ته‌ندروستی

 

ستیڤن فاگن، كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسی ئه‌نجومه‌نی ئابوری ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، "ئه‌مریكا له‌ چه‌ندین بوار هاتوەته‌ هه‌رێمی كوردستان و پاڵپشتی ده‌كات، له‌وانه‌ بواری ئابوری، ته‌ندروستی".
هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوده‌نێت بۆ پێشخستنی ئابوری و له‌و چه‌ندین بواری هه‌نگاوی باشی ناوه‌

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوده‌نێت بۆ پێشخستنی ئابوری و له‌و چه‌ندین بواری هه‌نگاوی باشی ناوه‌، ئێمه‌ش هه‌ماهەنگی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كێبڕكێی پێشخستنی ئابوری هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت له‌ دوای شه‌ڕی داعش و دابه‌زینی نرخی نه‌وت كه‌ گه‌شه‌پێدانی ئابوری كه‌می كردبو، به‌ جۆرێك نه‌ده‌توانرا موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدرێت".
ده‌بێت هه‌رێم جددی بێت له‌ چاكسازی و هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ری و پێشخستنی ئابوری، له‌و بواره‌شدا ئه‌مریكا پاڵپشتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

 

كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر وتیشی، "ده‌ستپێكێكی باش هه‌یه‌ و هه‌مولایه‌ك جۆرێك له‌ رێکكه‌وتنیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تێكی به‌هێز دابمه‌زرێنن و روبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵی ببنه‌وه‌، ده‌بێت هه‌رێم جددی بێت له‌ چاكسازی و هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ری و پێشخستنی ئابوری، له‌و بواره‌شدا ئه‌مریكا پاڵپشتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌ روی ته‌كنیكی و كارگێڕی".
پێویسته‌ حكومه‌ت جگه‌ له‌ نه‌وت پشت به‌ كه‌رت و بواری دیكه‌ی ئابوری ببه‌ستێت و هه‌لی تازه‌ له‌ بواری كشتوكاڵ و بواری دیكه‌ بره‌خسێنێت

 

باسی لەوەشکرد، "پێویسته‌ حكومه‌ت جگه‌ له‌ نه‌وت پشت به‌ كه‌رت و بواری دیكه‌ی ئابوری ببه‌ستێت و هه‌لی تازه‌ له‌ بواری كشتوكاڵ و بواری دیكه‌ بره‌خسێنێت، به‌و ئامانجه‌ی خزمه‌تگوزاری باشتر و زیاتر پێشكه‌ش بكات و هه‌لی كاری زیاتر بڕه‌خسێنێت و ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنانی هه‌مه‌جۆر فه‌راهه‌م بكات، له‌و بواره‌شدا ئه‌مریكا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردولا هاوكار و هه‌ماهه‌نگ ده‌بێت".
هه‌ڵویستی ئه‌مریكا رون و ئاشكرا بوه‌ و به‌رهه‌ڵستی كردوه‌ و دژی هه‌ر هێرشێكە كه‌ توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجامی بدات

 

كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر لەبارەی دۆخی رۆژئاڤای کوردستان وتی، "هه‌ڵویستی ئه‌مریكا رون و ئاشكرا بوه‌ و به‌رهه‌ڵستی كردوه‌ و دژی هه‌ر هێرشێكە كه‌ توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجامی بدات".

ئەوەشی خستەڕو، "ئه‌مریكا له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ بارودۆخه‌كه‌، سه‌رۆك تره‌مپ به‌ رونی باسی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی كردوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر توركیا به‌رده‌وام بێت له‌و هێرشانه‌، گه‌مارۆی ئابوری ده‌خاته‌ سه‌ر توركیا، به‌ ئامانج راگرتنی ئابوری توركیا".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP