ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤا سەبارەت بە چونەناوەوەی سوپای سوریا بۆ ناوچەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

- 10/13/2019 9:50:00 PM 43074 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەبارەت بە چونە ناو هەریەك لە شارەكانی مەنبەج و كۆبانێ لە لایەن سوپای سوریاوە، ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤا راگەیەندراوێكی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "هاتنی سوپا بەپێی رێككەوتن بوە".

لە راگەیەندراوێكدا، ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤای كوردستان باس لە چۆنیەتی چونەناوەوەی سوپای سوریا بۆ هەریەك لە شارەكانی كۆبانێ و مەنبەج دەكات و ئاماژەی بەوەكردوە "بە مەبەستی رێگریكردن و وەڵامدانەوەی داگیركاریەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە، لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە لەگەڵ دیمەشق ئەنجاممانداوە سوپای ئەو وڵاتە هاتوەتە ناو هەریەك لە كۆبانێ و مەنبەج".

لە راگەیەندراوەكەی ئیدارەی خۆسەریدا هاتوە "لە ساڵی 2014وە هێزەكانی سوریای دیموكرات بە مەبەستی رزگاركردنی سەرجەم چینوتوێژەكان بەردەوامبون لە جەنگی دژی تێرۆر لە بەرامبەر چەكدارانی رێكخراوی داعش و رێكخراوەكانی دیكەدا، تا 23ی ئازار-ی ئەمساڵ بە تەواوی لە چەكدارانی داعش پاككرایەوە".

دەشڵێت "لە چوارچێوەی كارو چالاكیەكانی جەنگی روبەڕوبونەوەی تێرۆر، 11 هەزار شەهید و 24 هەزار برینداری هەیە، كە تیایاندا هەیە بۆ هەمیشە بەشێكی جەستەی تێكچوە، ئەو باجەش كە داومانە گران و سەخت بوە بۆ پێكهاتە جیاوازەكانی ناوچەكە".

دواتر باس لە هێرشە داگیركاریەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە كراوە و راگەیەندراوە "لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا بە قێزەوتنرین شێوە هێرشچی كردوەتە سەر خەڵأكی سیڤیل و بێ چەك و بێتاوان، لە كاتێكدا هێزەكانمان بە تەواوی بوێری و ئازایەتی و مەردایەتیانەوە وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە، ئێستاش هەر لە چوارچێوەی روبەڕوبونەوەی توركیا لەگەڵ دیمەشق رێككەوتوین تا وەڵامی توندی بدەینەوە".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە "ئەو رێككەوتنە دەبێتە دروستبونی هەلێك بۆ رزگاركردن و ئازادكردنی ناوچەكانی دیكەی وەكو عفرین كە هێزەكانی توركیا و چەكدارانی نزیك لەو وڵاتە كۆنترۆڵیان كردوە"،

لە هەمانكاتدا ئیدارەی خۆسەری لە پەیامێكیدا بۆ هاوڵاتیانی رۆژئاڤا دەڵێت "بە سەرجەم كەسوكار و چینوتوێژە جیاوەزەكانمان لە باكور و رۆژهەلاتی فەرات رادەگەیەنین، هاتنە ناوەوەی سوپای سوریا بە تایبەتی بۆ ناوچە سنوریەكان و بڵاوبونەوەیان، لە چوارچێوەی رێككەوتنیەتی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری ناوچەكە و هێزەكانی سوریای دیموكرات".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP