كادرانی پارتی بۆ بارزانی: رابەرایەتیمان بكە ئامادەی جوڵەین بەرەو رۆژئاڤای كوردستان

- 10/11/2019 2:04:00 AM 53040 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ژمارەیەك لە كادیرانى پارتى دیموكراتى كوردستان لە پەیامێكدا كە ئاراستەى مەسعود بارزانیان كردوە رایانگەیاندوە،"رابەرایەتیمان بكە ئامادەی جوڵەین بەرەو رۆژئاڤای كوردستان".

لەو پەیامەیاندا ئەو كادیرانەى پارتى رایانگەیاندوە،"وەک ئاگادارن، سوپای تورکیا بەناوی ئۆپەراسیۆنی ئاشتییەوە، لەشکرکێشییەکی ناڕەوای کردۆتە سەر برایانمان لە ڕۆژئاڤا. ئامانج لەم لەشکرکێشی و داگیرکارییە، قڕکردنی میللەتێکی مافخوراو و غەدر لێکراوە. ئەم کێشەیە، چیرۆکی نەھامەتی نەتەوەیەکە، نەک حیزب و گروپێکی دیاریکراو".

نوسیویشیانە،"تورکیا بەناوی دروستکردنی ناوچەی ئارام، بۆ پەنابەرە سورییەکان، سەدان خێزانی کوردی ئاوارە و دەربەدەر کردوە. ئامانج لەم کارە، گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە. هێنانی سێ ملیۆن ئاوارەی سوری بۆ ناوچەکە، تەواوی کورد و دانیشتوانی ناوچەکە دەکاتە کەمینە".

ئەو كادیرانەى پارتى بە مەسعود بارزانى دەڵێن،"داواتان لێ دەکەین، هەروەک چۆن لە سەرجەم بابەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا، خاوەن هەڵوێست بویت و ڕابەرایەتیت کردوە، لەم دۆخەشدا ڕابەرایەتی پاراستنی خاک و کەرامەتمان بکەیت".

دەقى پەیامەكە:

بۆ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی

بە سڵاوی کوردایەتی گەرمەوە

وەک ئاگادارن، سوپای تورکیا بەناوی ئۆپەراسیۆنی ئاشتییەوە، لەشکرکێشییەکی ناڕەوای کردۆتە سەر برایانمان لە ڕۆژئاڤا. ئامانج لەم لەشکرکێشی و داگیرکارییە، قڕکردنی میللەتێکی مافخوراو و غەدر لێکراوە. ئەم کێشەیە، چیرۆکی نەھامەتی نەتەوەیەکە، نەک حیزب و گروپێکی دیاریکراو.

تورکیا بەناوی دروستکردنی ناوچەی ئارام، بۆ پەنابەرە سورییەکان، سەدان خێزانی کوردی ئاوارە و دەربەدەر کردووە. ئامانج لەم کارە، گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە. هێنانی سێ ملیۆن ئاوارەی سوری بۆ ناوچەکە، تەواوی کورد و دانیشتوانی ناوچەکە دەکاتە کەمینە.

ئێمە ئەم لەشکرکێشییە، وەک قەتڵوعامی جەماعی و سڕینەوەی شوناسی گەلێک دەبینین. بۆیە ناچارین، وەک هەڤاڵانی کوردایەتی و ڕێبازی بارزانی هەڵوێستمان هەبێت. ئامادەین بە گیان و ماڵ، پاڵپشتی برایانمان بین لە ڕۆژئاڤا و لە سەنگەردابین بۆ پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان ، کە کەرامەتی ئینسانیمانە.

لێرەشەوە داوا لە بەڕێزتان دەکەین، هەروەک چۆن لە سەرجەم بابەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا، خاوەن هەڵوێست بویت و ڕابەرایەتیت کردووە، لەم دۆخەشدا ڕابەرایەتی پاراستنی خاک و کەرامەتمان بکە یت.
ئێمە دڵنیاین بۆ ئەم دۆخەی ئێستای ڕۆژئاڤا، شەو و ڕۆژت سەریەک خستووە، بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک.
جەنابت ڕابەرایەتی گەلی کوردستانت کرد بۆ تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش و سەریش کەوتین. بە هەوڵ و تەقەلای جەنابتان، هێزی پێشمەرگە بۆ پشتیوانی برایانمان لە کۆبانی نێررا و سەرکەوتین. بۆیە لە پێگە و توانا و کارێزمایی تۆ دەوەشێتەوە و ئومێدمان هەیە بۆ ئەم دۆخەش ڕابەرایەتیمان بکەیت و خاکمان لە داگیرکاری بپارێزین.
ئێمەش بە هەمو توانایەک پشتیوانی نەتەوە بەشخوراوەکەمانین، لە ھەر کونجێکی ئەم دنیایە بێت.
وەک پێشمەرگەی خۆبەخش، بە چەک و دەرامەتی خۆمان ئامادەی جوڵەین بەرەو خۆرئاوای کوردستان. ڕاستە ئێمە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانین «لە سنوری پارێزگای سلێمانی» بەڵام کوردستانمان، لە خۆمان و حیزبەکەمان خۆشتر دەوێت. ئەم هەڵوێستەمان کرۆکی ڕێبازی بارزانییە. بۆیە تکا دەکەین، تێگەیشتنتان بۆ ئەم بڕیارەمان ھەبێت.

سەرفرازی بۆ خەڵکی کوردستان
ئاوەدان بێت خاکی پیرۆزی کوردستان

٢٠١٩/١٠/١٠

ئاری محەمەد ھەرسین
دانا شەھید جەزای عەلی
لانە شەھید سەید عەلی حافز
سەرخێڵ حاجی جەمال
سەردەشت محەمەد
نزار ڕەزا حەمە
سۆران مەنمی
سەید موحسین
تالب ئەحمەد عەباس
تەرزە محەمەد حسێن
ڕێبین ڕەحیم
سامان بابا عەلی عیسا
کاروان عوسمان عەلی
شەھاب نوری ساڵح
دڵشاد عومەر نوری
کەیفی شکور حەمە
ھونەر محەمەد باوە یس
ئاوات عەباس شەریف
ئارام ئەمین ڕەشید
سروە ساڵح مستەفا

تێبینی:

ھەر ھەڤاڵێکی پارتیمان ھاوڕاو ھاوبیری ئەم بۆچونەمانە، تکایە ناوی خۆی بۆ ئەم لیستە زیاد بکات  


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP