پەرلەمانتارێك داوا دەكات كەناڵی "الجزیرە" لە كوردستان دابخرێت

- 10/11/2019 1:48:00 AM 17569 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەم بورهان قانع، ئەندامى پەرلەمانى كوردستان داوا دەكات كەناڵى ئاسمانى الجزیرە دابخرێت بەهۆى بەشداریكردنى كەناڵەكە لە لەشكركێشیەكانى سوپاى توركیا بۆ سەر رۆژئاڤاى كوردستان.

مەم بورهان قانع، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی نوسیویەتى،"نزیكەی 25 ساڵ كاری رۆژنامەنوسیم كردوە و تزیكەی ساڵێكیشە پەرلەمانتارم و لە لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی-م لە پەرلەمانی كوردستان و شانازیش دەكەم لەسەر ئەوەی كە هەمیشە بەرگریم كردوە لە ئازادیی كاری مێدیایی، بەڵام كاتێ‌ وڵاتێك دژی سادەترین مافەكانت دەوەستێتەوە و دور لە هەر ئەخلاقێكی سیاسیی، بەشداردەبێت لەو پیلانگێڕییانەی بەرانبەر بە هاونیشتمانییەكانت لە پارچە جیاجیاكانی كوردستان دا دەكرێن، دەبێت ئەولەوییەت بۆ بەرگریكردن بێت لە مافی هاونیشتمانییەكانت و ژیانی هاونیشتمانییەكانت، نەك ئازادیی كاری مێدیایی".

دەشڵێت"ژیانی مرۆڤێك، لە ئازادیی بڵاوكردنەوە زۆر گرنگترە، كە ئەمە ئەلف و بێی كاری مێدیاییە لەسایەی تیۆرەی "بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتیی"دا و پاراستنی پرەنسیپەكانی ئێتیكی مێدیایی-ش، بەشێك دەبێت لەم تیۆرەیە".

ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاندوە"ئەوەی دەسەڵاتدارانی "قەتەڕ"، كە خاوەنی كەناڵی ئاسمانیی "الجزیرە"ن، لە پرسی داگیركردنی رۆژئاوادا كردویانە، شایانی ئەوەیە هەرێم پەیوەندییەكانی لەگەڵیاندا بپچڕێنێت و رێگریش بكات لە ئازادیی كاری مێدیاییان لە كوردستان دا (كە ئازادیی كاری ژەهر رشتنی میدیاییانە) و چیتر هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا نەكرێنە گۆڕەپانێك بۆ رشتنی ژەهری كەناڵە مێدیاییەكانی قەتەڕ و سیاسەتە نامرۆییەكانی ئەو وڵاتە، وەكچۆن پێشوەختە "قەتەڕ" هەڵوێستی سیاسیی خۆی یەكلاكردوەتەوە. هەروەكچۆن ساڵانێكی زۆرە لە ئەجێندا سیاسییە ناشیرینەكانی ئەم كەناڵەی "قەتەڕ" تێگەیشتوم".

نوسیویەتى،"كاتێ‌ وەزیری بەرگریی قەتەڕ (خالید محەمەد ئەلعەتییە) پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ داگیركارییەكانی توركیا لە رۆژئاوا نیشاندەدات و بەهایەك بۆ خوێنی كورد لەو وڵاتەدا ناهێڵێتەوە، دەبێت هەم كۆتایی بە پەیوەندیی سیاسیی هەرێم لەگەڵ قەتەڕدا بهێنرێت، هەروەها قوفڵێكیش بدرێت لە نوسینگەكانی ئەم كەناڵە ئاسمانییەی قەتەڕ لە هەرێمی كوردستان و رۆئاوای كوردستان دا".

لە كۆتایدا نوسیویەتى،"وڵاتێك، خوێنی هاونیشتمانییەكانت بێ‌ بایەخ بكات و دژایەتیشت بكات، شایانی ئەوە نییه پەیوەندیت لەگەڵیدا هەبێت و ئازادیی تەڕاتێنی كاری مێدیایی بۆ فەراهەم بكرێت".
  


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP