دۆستی دێرینی كورد بوە
نوسەرێکی دیاری عێراقی و ڕۆژنامەی بەناوبانگی شەرق لئەوسەت كۆچی دوایی كرد

- 10/10/2019 11:55:00 PM 1776 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا، نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسی دیاری عێراقی كە بەدۆستی كورد ناسراوە، عه‌دنان حوسێن له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی له‌نده‌ن كۆچی دواییكرد.

عەتا موفتی، كەیەكێكە لە رۆژنامەنوسەكانی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت و لە لەندەن دادەنیشێت، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی،"بە داخەوە هاوڕێی ئازیزمان، نوسەر و روناکبیری بە رەچەڵەک عیراقی، دڵسۆز و دۆستی نزیکی کورد، عەدنان حسێن، لە لەندەن دواماڵئاوایی لێکردین".

نوسیوشیەتی،"رەوانشاد عەدنان حسێن، نوسەری ناوداری عەرەب، بەردەوام بابەتی لەسەر کورد و دۆزی کورد نوسیوە و بڵاوکردۆتەوە، لە رۆژنامەی "ئەلشەرق ئەلئەوسەت" و کۆمەڵێک رۆژنامە و ماڵپەرەی عەرەبی و چەند جارێکیش لە بڵاوکراوە و ماڵپەرە کوردییەکاندا، بابەتی لەسەر کورد نوسیوە، هەروەها لە گۆڤاری "مەڵبەندی رۆشنبیریی کورد"ی لە لەندەن، بابەتی نوسیوە و بڵاو کردۆتەوە".

دەشڵێت،"عەدنان، هاوڕێیەکی ئازیز و بە ئەمەک بو، نزیکەی 15 ساڵ پێکەوە لە رۆژنامەی "ئەلشەرق ئەلئەوسەت"ی لەندەنی کارمان کردوە و هەندێک جاریش، ئامادەی بۆنە کوردییەکان دەبو لە مەڵبەندی رۆشنبیریی کورد، لە لەندەن". ئەو رۆژنامەنوسە لە پۆستەكەیدا لە فەیسبوك یەكێك لە وێنەكانی عەدنان حسێنی بڵاوكردوەتەوە كە لە یەکێک لە ئاهەنگ و کۆبونەوەکانی مەڵبەندیی رۆشنبیریی کورد لە لەندەن گرتویەتی، کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بەسەفەر گەڕابوەوە بۆ لەندەن و سەردانی نوسینگەی رۆژنامەی ئەشەرقی کردەوە و ئەو وێنەیەی کاتی خۆی لە مەڵبەند گرتبوم، بۆم چاپکرد و پێشکەشم کرد، وتی "ئادەی وێنەیەکم بگرە بەم یادگارە جوان و بەنرخەوە، تا هەرگیز نەفەوتێت و بیپارێزم.

عه‌دنان حوسێن خه‌ڵكی پارێزگای بابله‌ و له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردو به‌شی راگه‌یاندنی له‌ كۆلیژی ئه‌ده‌بیات ته‌واو كردوه‌ و ته‌مه‌نێكی زۆری له‌گه‌ڵ نوسین و كاری رۆژنامه‌وانی به‌سه‌ربردوه‌.

له‌ ساڵی 1973 عه‌دنان حوسێن وه‌ك هه‌واڵساز و نوسه‌ری ستونێكی رۆژنامه‌ی "طریق الشعب"ـی حزبی شیوعی له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی شاعیری عێراقی، عه‌دنان زائع كاری كردوه تا داخستنی رۆژنامه‌كه‌ له‌ ساڵی 1979 له‌ كاره‌كه‌ی به‌رده‌وام بوه‌‌ و له‌ هه‌مان ساڵ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا داواكراو بوه‌ و بەناچاری روی له‌ لوبنان كردوه‌ و دواتریش چوه‌ته‌ قوبرس و وه‌ك سه‌رۆكی به‌شی كاروباری عه‌ره‌بی له‌ هه‌فته‌نامه‌ی "الموقف العربی" كاری كردوه‌، كه‌ له‌لایه‌ن شاعیر سه‌عدی یوسفه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرا.

عه‌دنان حسێن تا ساڵی 2010  له‌ چه‌ندین رۆژنامه‌ و گۆڤاری عه‌ره‌بی كاری كردوه‌، دواتریش وه‌ك جێگری سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی "مه‌دا"ی به‌غدادییه‌ تا كۆچیدواییكردنی كاری كردوه‌ و یەكێكیش بوە لە رۆژنامەنوسەكانی رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی.





 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP