دوای فشارە زۆرەكان لەسەری، ترەمپ سێ بژاردە بۆ لەشكركێشی توركیا لە رۆژئاڤا دەخاتەرو

- 10/10/2019 11:16:00 PM 38305 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ روبەروی فشارێكی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوەوە رایگەیاند،"لە تویتێكدا سێ بژاردەی لەسەر لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا بۆ خاكی رۆژئاڤای كوردستان خستەرو.

دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئه‌مه‌ریكا له‌ توتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند،"100% خه‌لافه‌تی داعشمان تێكشكاندوە لە ئێستادا هیچ سەربازێكی ئه‌مریكی له‌و شوێنانه‌ نەماون كە  توركیا هێرشیان ده‌كاته‌ سه‌ر".

 

ترەمپ سێ بژاردەی خستوەتەرو رایگەیاندوە،"ئێمە سێ بژاردەمان لەبەر دەستە، یان ناردنی هەزاران سەرباز بۆ ناوچەكە و بردنەوەی شەڕەكە، یاخود سەپاندنی سزای توندی ئابوری بەسەر توركیادا، یان نێوەندگیری لە نێوان كورد و توركیا بكەین بۆ گەیشتنە رێككەوتن".

سەرۆكی ئەمریكا، جارێكی دیكە لە تویتەكەیدا ئەوەشی نوسیوە كە ئەو كارەی كردومانە كارێكی دروست بوە و ئێستا توركیا هێرش دەكاتە سەر كورد، ئەوان 200 ساڵە پێكەوە شەڕ دەكەن.

دواین تویتی ترەمپ، دوای ئەو فشارە زۆرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانە دێت كە كرانە سەری و بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایان بە هەڵە لەقەڵەمدا و مەترسی سەرلەنوێ دروستبونەوەی داعش خرایەرو.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP