لۆدریان داوادەكات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆبونەوەی بەپەلە ئەنجامبدات

- 10/10/2019 10:21:00 PM 2413 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دەرەوەی فرەنسا داوایكرد وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی داعش، سەبارەت بە لەشكركێشیەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ئیدارەی كوردی لە باكوری سوریا كۆبونەوەی بەپەلە ئەنجامبدەن.

پێشبینی ئەوەدەكرێت رێكخراوی چەكداری داعش سود لە دۆخەكە ببینێت

جان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فرەنسا ئەمرۆ پێنجشەممە لەمیانی لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند "پێویستە بە زوترین كات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆبونەوەیەكی بەپەلە ئەنجامبدات، چونكە لە ئاكامی ئەو هێرشانەی توركیا بۆ سەر باكوری فورات پێشبینی ئەوەدەكرێت رێكخراوی چەكداری داعش سود لە دۆخەكە ببینێت".

ئەو بەرپرسەی فرەنسا وتیشی "دەبێت ئەمڕۆ بڕیاربدەین لەسەر ئەو شتانەی كە پێویستە ئەنجامیان بدەین و بزانین توركیا چۆن هەنگاودەنێت و ئێمەش چۆن گرەنتی سەقامگیری ئەو ناوچانە بكەین كە چەكدارەكانی تێدایە"، ئاماژەی بەوەشكرد "پێویستە هەمو زانیاری و ئەگەرەكان لەسەر مێزی كۆبونەوەكەدا بێت، تا رون و ئاشكرابین".

هێشتا لەو قۆناغەدا نین كە زیندانی داعش توانای هەڵهاتنیان هەبێت لەدەستی هێزە كوردیەكان

سەبارەت بە دیل  و دەستگیراكراوانی داعش لە سوریا لۆدریان وتی "ئەو زیندانیانە دەبێت هەر لە سوریا دادگایی بكرێن و هەڵوێستی فرەنسا لەوبارەیەوە نەگۆڕاوە، چونكە هێشتا لەو قۆناغەدا نین كە زیندانی داعش توانای هەڵهاتنیان هەبێت لەدەستی هێزە كوردیەكان".

پێشتریش حكومەتی فرەنسا هێرش و لەشكركێشیەكانی سوپای توركیا-ی بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەلاتی ئیدارەی كوردی باكوری سوریا سەركۆنە كرد و داوایكرد دەستبەجێ لەشكركێشیەكە رابگیرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP