بە تۆمەتی دەربڕینی ناڕەزایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان
حكومەتی توركیا لێپێچینەوە لە 78 كەس دەكات و 21 ی دیكە دەستگیردەكات

- 10/10/2019 9:22:00 PM 2005 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاش چەند كاتژمێرێك لە دەستپێكردنی لەشكركێشیەكانی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژاڤا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دوێنێ چوارشەممە دۆسیەی لێپێچینەوەیان بۆ زیاتر لە 78 كەس كردوەتەوە، كە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە رەخنەیان لە لەشكركێشیەكە گرتوە.

ئاژنسەكانی نزیك لە حكومەتی توركیا رایانگەیاند "دوێنێ چوارشەممە چەند كاتژمێرێك دوای دەستپێكی لەشكركێشیەكانی توركیا بۆ سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، دژ بە 78 كەس سكاڵا تۆماركراوە، كە لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر لەشكركێشیەكە دەربڕیوە".

لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە شێوەیەكی نەرێنی هەڵوێستیان بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە كوردیەكانی باكوری سوریا دەربڕیوە

ئاماژە بەوەشكراوە "هەر لەو چوارچێوەیەدا، هێزە چەكدارەكانی توركیا لە پارێزگای ماردین 21 كەسیان دەستگیركردوە، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە شێوەیەكی نەرێنی هەڵوێستیان بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە كوردیەكانی باكوری سوریا دەربڕیوە".

بە گوێرەی ئاژانسەكانی توركیا "ئەو كەسانەی دەستگیركراون، تۆمەتی بڵاوكردنەوەی رق و كینە و دوژمنكاریان دراوەتە پاڵ، لەگەڵ پشتیوانیكردنی هێزەكانی هەپەگە و یەپەگە و هاوشێوەكانیان (كە بە تێرۆریست) لەناو راگەیەندراوەكاندا ناویان هێنراوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP