دوای ئیدانەکردنی لەشکرکێشیەکانی تورکیا لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا..ئەردۆغان هەرەشە لە جیهان دەكات

- 10/10/2019 8:04:00 PM 24305 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هەرەشەی ناردنی پەنابەران دەکات بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو وڵاتانە ئیدانەی توندی لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیایان کرد بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی فورات.

ئەردۆغان لە میانی وتارێکیدا لەگە ئەندامانی پارتی داد و گەشەپێدان وتی" ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ بدەن، ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەمان بە لەشکرکێشی ناو ببەن، ئەوا ئیشی ئێمە ئاسانە".

لە درێژەی وتەکانیدا هەرەشەی کردنەوەی دەروازە سنوریە نایاسایەکانی کرد بەروی پەنابەراندا و وتی" دەروازەکان دەکەینەوە و 3.6 ملیۆن کۆچبەرتان بۆ دەنێرین".

"ئەوانەی چاوی خۆیان لە ئاست پێشکەوتنەکانی سوریادا کوێر دەکەن و تەنها خویان بە رەخنەگرتن لە تورکیا گرتوە، ئێمە داواتان لێدەکەین لۆجیک و بیرکردنەوە بەکاربهێنن"ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وای وت.

ئەو وتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لەماوەی کەمتر لەیەک رۆژدا زیاتر لە 60 هەزار هاوڵاتی مەدەنی ئاوارە بون و زۆربەی ئاوارەکانیش رویان لەحەسەکە کردوە.

هەریەکە لە فرەنسا و بریتانیا داوای دانیشتنێکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکانیان کردوە لەبارەی ھێرشەکەی تورکیا بۆ سەر سوریا.

حکومەتی ئەڵمانیاش نارەزایی خۆی لەو لەشکر کێشیەی تورکیا دەربری  و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ھێرشەکانی تورکیا لە باکوری سوریا دەکەین.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP