مۆسكۆ و بەغدا جەختدەكەنەوە لەسەر هێوركردنەوەی دۆخی رۆژاڤا

- 10/10/2019 6:57:00 PM 997 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەمیانی پەیوەندیەكی تەلەفۆیندا، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیا دۆخی رۆژاڤا-یان تاوتوێكرد و هەردولا جەختیان لەسەر ئەوەكردەوە، هاوكاردەبن لە هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكە.

پێویستە ئەو ناوچەیە بگاتە دۆخێكی جێگیری بەردەوام و ماوەدرێژ

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا پەیوەندیەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و تێیدا سەبارەت بە دۆخی باكور و رۆژهەڵاتی فورات دوپاتیانكردەوە "پێویستە ئەو ناوچەیە بگاتە دۆخێكی جێگیری بەردەوام و ماوەدرێژ، ئەوەش بەندە لەسەر رێزگرتنی سوریا و یەكپارچەیی خاكەكەی".

ئاماژە بەوەشكراوە "پێویستە سەبارەت بە دۆخی ئێستای باكوری فورات هەریەك لە دیمەشق و ئەنقەرە و نوێنەرانی كورد-ی سوریا گفتوگۆ ئەنجامبدرێت و لەو رێگەیەوە دۆخەكە ئارامبكرێتەوە".

ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دروستكردنی پەیوەندی و ئەنجامدانی نێوەندگیری لەنێوان لایەنەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات و توركیا و سوریا

هەریەك لە سەرۆك كۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی روسیا لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا دڵنیاییاندا لەوەی روسیا و عێراق ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دروستكردنی پەیوەندی و ئەنجامدانی نێوەندگیری لەنێوان لایەنەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات و توركیا و سوریا، هاوكات رێككەوتن لەسەر گۆڕینەوەی بیروڕاكان و رێكخستنی هەڵوێستەكانی داهاتو.

ئەو پەیوەندیەی سەرۆك كۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی روسیا رۆژێك پاش دەستپێكی هێرش و لەشكركێشیەكانی سوپای توركیا دێت بۆ سەر ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات، كە ماوەی زیاتر لە 24 كاتژمێرە بە چڕی بۆردوامنی ناوچە سیڤیل نشینەكان دەكات و بەهۆیەوە ژمارەیەك كەس كوژراو و بریندارن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP