نێچیرڤان بارزانی: لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ راگرتنی شەڕ لە رۆژئاڤای کوردستان

- 10/10/2019 4:16:00 PM 1979 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ راگرتنی شەڕ لە رۆژئاڤای کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەپەیامێکدا ئامادەیی خۆی دەردەبڕی بۆ هەمو نێوەندگیرى و هاوکارییەک بۆ راگرتنى شەڕ. 

راشیگەیاند، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەوڵى بەردەوامدایە و داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەنجوومەنى ئاسایش دەکات رۆڵى خۆیان بۆ راگرتنى شەڕ و گێڕانەوەى ئاشتى بگێڕن.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە:

 

هەر لە سەرەتاوە بە وردى چاودێریى دۆخەکە دەکەین و بە دڵگرانى و نیگەرانییەکى قووڵەوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ڕۆژهەڵاتى فورات لە سووریا دەڕوانین بەتایبەتى کە گرووپە توندڕەوەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا تیایدا بەشدارن. شەڕ، دەرگا بە سەر کوشتار و دەربەدەرى و ئاوارەبوونى خەڵکى سڤیل و دروستبوونى ناسەقامگیرى لە تەواوى ناوچەکەدا دەکاتەوە و هەڕەشە و مەترسیى سەرهەڵدانەوەى تیرۆریش جددیتر و گەورەتر دەکات.

ئێمە کە لە هەرێمی كوردستان و عێراق قوربانییەكی زۆرمان بۆ تێكشكاندنی تیرۆر داوە و مەینەتییەکانى شەڕمان بینیوە، زۆر بە نیگەرانى و هەستیارییەوە لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و تێکچوونى ئاسایش و نەمانى سەقامگیرى دەڕوانین کە دەرەنجامى چاوەڕواننەکراو و مەترسیدارى بۆ ناوچەکە و جیهان لێ دەکەوێـتەوە، بۆیە لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و دروستكردنی ئارامیدا، لە هەوڵى بەردەوامداین و بۆ هەموو نێوانگیری و هاوكارییەك ئامادەین.

شەڕ و پێکدادان تەنیا ئاڵۆزى و پشێوى و مەترسی لە ناوچەکە زیاد دەکات، دەسکەوتەکانى تێکشکاندنى داعش لەناو دەبات و لە بەرژەوەندیى هیچ لایەنێکدا نابێت، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەنجومەنى ئاسایش دەکەین چارەسەرێکى دادپەروەرانە بۆ ئایندەى سووریا بدۆزێتەوە بە جۆرێک مافى هەموو پێکهاتەکانى تیادا پارێزراو بێت و بە جددى ڕۆڵى خۆى بۆ ڕاگرتنى شەڕ و گەڕانەوەى سەقامگیرى و پاراستنى ئاشتى و دیالۆگ و ڕێگەچارەى سیاسى بگێڕێت و ڕێگە نەدرێت خەڵکى سڤیل دەربەدەر و ئاوارە ببن.

نێچیرڤان بارزانى

سەرۆکى هەرێمى کوردستان

زانیاری زیاتر...



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP