عادل عەبدولمەهدی سەبارەت بە کوژراوانی خۆپیشاندانەکان ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد

- 10/10/2019 2:44:00 PM 1993 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بۆ رێزگرتن لە گیانی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردو سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند و وتی، "شەهیدان خۆپیشاندانەکان بە بەرزترین ئیمتیاز رێزیان لێدەگیرێت".

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاندوە، لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە تاوەکو شەممەی داهاتو سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند و لیژنەوەی لێکۆڵینەوەی لە هۆکاری روداوەکان کە بوەتەهۆی کوژران زیاتر لە 100  لە خۆپیشاندەر، هاوڵاتی و هێزە ئەمنییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێوشوێنی بەپەلە بۆ دابینکردنی مافە دارایی و مەعنەوییەکانی خێزانی شەهیدەکان گیراوەتەبەر، و پلەی بریندارانی هێزە ئەمنییەکان بەرزکراوەتەوە، هاوڵاتیانی برینداریش تەواوی تێچوی چارەسەرکردنیان لە ئەستۆی دەوڵەت دەبێت.

عادل عەبدولمەهدی دەشڵێت، لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران تەواوی خانەوادەی شەهیدان و بریندارەکان بە بەرزترین ئیمتیاز رێزلێنانیان بۆ دەکرێت.

رۆژی 6ی ئەم مانگەش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری لەبارەی داوای خۆپیشاندەرانەوە دەرکرد و بڕیاریدا بەپەلە 17 هەزار زەوی نیشتەجێبون دابەشبکات و 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبون دروستبکات و موچەی مانگانە بداتە 150 هەزار بێکار و نزیکەی 100 هەزار فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆی و بەرگریشی گەڕاندەوە سەر کارەکانیان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP