"لە ئەمریکا نیگەرانین، دەبو پابەندی بەڵێنەکانی بێت"
ئیلهام ئەحمەد: داوا لە وڵاتان دەکەم نوێنەرایەتیان لە تورکیا بکشێننەوە

- 10/10/2019 12:12:00 PM 8682 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رایگەیاند، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دژی هێرشەکانی سوپای تورکیا پاڵپشتیمان بکەن و داواش لە وڵاتان دەکەم نوێنەرایەتیان لە تورکیا بکشێننەوە.

ئیلهام ئەحمەد، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا باسی لەوەشکرد، ئەوان لە ئەمریکا نیگەرانن، چونکە بە گوێرەی لێکتێگەشتنی نێوانیان دەبوایە دوای جەنگی دژی داعش، واشنتۆن پابەندی بەڵێنەکانی بۆ پاراستنی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤای کوردستان بوایە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەرۆکایەتی فەڕەنساش لە کۆبونەوەی دوێنیدا ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا بە ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی راگەیاندوە، "ئەگەر تورکیا هێرشبکاتە سەر رۆژهەڵاتی فورات ئەوان دەکەونە نێوان لایەنە ناکۆکەکانەوە و پشتیوانی هەسەدە دەکەن، چونکە لە جەنگی دژی داعشدا هەسەدە هاوپەیمانێکی گرنگی فەڕەنسا بوە".

دوێنێ رەجەب تەیب، ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەرسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان راگەیاند، ئەوەش سەرەڕای هۆشداریەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی ھێرشەكەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كورستان كۆببێتەوە.

چاوەڕان دەكرێت ئەنجومەنەكە بڕیارێك لەبارەی هێرشەکەی سوپای تورکیاوە لە بەرژەوەندی كورد و دژی توركیا دەربكات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP