14 لایه‌نی سیاسی هەرێمی کوردستان دژی هێرشەکانی تورکیا خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن

- 10/10/2019 11:49:00 AM 4530 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر 

وه‌ك هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ دژی له‌شكركێشی و په‌لاماری توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاڤای كوردستان، 14 حزب و لایه‌نی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریاندا رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتو خۆپیشاندان له‌ به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ئه‌نجامن بده‌ن.
بە بەرچاوی وڵاتانی دونیا و مافی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ئه‌و هێرشه‌ بۆ سه‌ر رۆژئاڤا ئه‌نجام ده‌درێت

 

ئه‌حمه‌د شێروانی، سكرتێری كۆمیته‌ی پارێزگای هه‌ولێری حزبی شیوعی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "وه‌ك هه‌ڵوێستێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان كه‌ جێگه‌ی داخه‌، بە بەرچاوی وڵاتانی دونیا و مافی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ئه‌و هێرشه‌ بۆ سه‌ر رۆژئاڤا ئه‌نجام ده‌درێت، بۆیه‌ ناكرێت لێی بێده‌نگ بین".
رۆژی شه‌ممه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان گردبونه‌وه‌یه‌ك له‌ به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌ده‌ین

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمه‌ حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌ پارێزگای هه‌ولێر كۆبوینه‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك بڕیارماندا، له‌وانه‌ رۆژی شه‌ممه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان گردبونه‌وه‌یه‌ك له‌ به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌ده‌ین و یاداشتێك ده‌ده‌ینه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان".
لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا چه‌ند بژارده‌ و پیشنیارێكیشمان تاوتوێ كرد، به‌ڵام دوامانخستن و به‌پێی بارودۆخه‌كان له‌ داهاتو بڕیاری لسه‌ر ده‌ده‌ین 

 

شێروانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا چه‌ند بژارده‌ و پیشنیارێكیشمان تاوتوێ كرد، به‌ڵام دوامانخستن و به‌پێی بارودۆخه‌كان له‌ داهاتو بڕیاری لسه‌ر ده‌ده‌ین و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، له‌وانه‌ گردبونه‌وه‌ له‌به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا و كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكاری بۆ رۆژئاوای كوردستان".

رونیشیکردەوە، داوا له‌سه‌رجه‌م لایه‌نگرانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و چین و توێژه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی دەکەن ئاماده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی كورد بگه‌یننه‌ جیهان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر رای گشتی جیهان دروستبكه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاڤای كوردستان.

ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئەمڕۆیان كردوه‌ بریتین له‌:
 
پارتی دیموكراتی كوردستان
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
هاوپەیمانی نیشتمانی
حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان
پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان
حزبی بیت نەهرین
بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری
حزبی شیوعی كوردستان
رێكخراوی كلدو ئاشوری حزبی شیوعی كوردستان- عەنكاوە



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP