كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: هەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستی بە 220 رۆژ هەیە

- 10/10/2019 10:24:00 AM 830 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەیە و بۆ ئامادەکارییەکانیش پێویستیان بە 220 رۆژ هەیە.
 ئێستا نزیکەی لە 50%ی ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان تەواو کردوە

 

ڕزگار حەمەمحێدین، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق سەبارەت بە داواكاری بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "تا ئێستا ئێمە بەفەرمی هیچ شتێکمان بەدەست نەگەیشتووە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە و ئێستا نزیکەی لە 50%ی ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان تەواو کردوە".
ناتوانین لە یەک کاتدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی و پارێزگاکان بەیەکەوە بەڕێوەبەرین
باسی لەوەشکردوە، "ناتوانین لە یەک کاتدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی و پارێزگاکان بەیەکەوە بەڕێوەبەرین، چونکە ئێمە هەنگاوی زۆرمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بڕیووە، کۆمەڵێک گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیاکان کردووە بۆ پێداویستیەکانی هەڵبژاردن ناتوانرێت بچیت ئەو گرێبەستانە هەڵبوەشێنرێتەوە".
هەمو هەڵبژاردنێک بەنزیکەیی پێویستی بە 220ی ڕۆژی تەقویمی هەیە

 

لە وەڵامی ئەوەی كە ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری هەڵبژاردنی پێش وەختە بدات، ئەو ماوەیە چەندە كە كۆمسیۆن بتوانێت ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنکە بکات؟، ڕزگار حەمە محێدین دەڵێت، "وەک دەزانرێت هەمو توانا و هێزی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە، هەمو هەڵبژاردنێک بەنزیکەیی پێویستی بە 220ی ڕۆژی تەقویمی هەیە (واتە بەبێ دەرکردنی ڕۆژانی هەینی و پشووەکانیش) کە ئامادەکاری تەواو بکرێت بۆیه‌ هەر لەتۆمارکردنی ناوی قەوارە و لایەنەکانی بەشدار لەهەڵبژاردنەکان".
لە عیراقدا 24 ملیۆن دەنگدەر هەیە بۆیە کۆمسیۆن دەبێت بەلانی کەم 24 ملیۆن وەرەقەی دەنگدان ئامادە بکات

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە عیراقدا 24 ملیۆن دەنگدەر هەیە بۆیە کۆمسیۆن دەبێت بەلانی کەم 24 ملیۆن وەرەقەی دەنگدان ئامادە بکات.

سەبارەت بە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاکانیش لە پێناوی بەڕێوەبەردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا ڕزگار حەمە محێدین رونیکردەوە، "بەهیچ شێوەیەک ئێمە ناتوانین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوابخەین، چونکە ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیە".

باسی لەوەشکرد، "لەهەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان کە ئەنجامدراوە ڕۆژی یەکی نیسانی ساڵی ئایندە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاریکراوە، واتە ئێستا لەسەر ئێمە بۆتە یاسا و پابەندین بەجێ بەجێکردنی".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP