چوار تانکی سوپای تورکیا تەقێندرانەوە
هەسەدە کوژرانی پێنج سەربازی تورکیای لە سەرێ کانی راگەیاند

- 10/10/2019 10:19:00 AM 7396 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کوژرانی پێنج سەربازی تورکیای لە سەرێ کانی و تەقاندنەوەی چوار تانکی راگەیاند.

دوێنێ ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بە هاوکاری گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا دەستیپێکرد و لە ئێستادا لە چەند ناوچەیەکەوە لە رێگەی ئاسمانی و زەمینییەوە هێرش دەکەنە سەر رۆژئاوای کوردستان.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، لە سەرێ کانی شەڕو پێکدادانی سەخت بەڕێوەدەچێت و شەڕڤانان توانیویانە پێنج سەربازی تورکیا بکوژن و هاوکات چوار تانکی سوپای تورکیایان تەقاندوەتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی ھێرشەكەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كورستان كۆببێتەوە.

چاوەڕان دەكرێت ئەنجومەنەكە بڕیارێك لەبارەی هێرشەکەی سوپای تورکیاوە لە بەرژەوەندی كورد و دژی توركیا دەربكات.

یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) ئاماری کوژراو و بریندارەکانی شەوی رابردوی هێرشەکانی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکەی یەپەگە تا ئێستا پێنج گەریلای یەپەگە و سێ هاوڵاتی دیکەی مەدەنی بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی رۆژئاڤا گیانیان لەدەستداوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP