هەسەدە: سوپاسگوزاری هەڵوێستی بەشێک لە حکومەتە عەرەبی و رۆژئاواییەکانین

- 10/10/2019 9:37:00 AM 5164 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، سوپاسگوزاری  بەرزی هەڵوێستی بەشێک لە وڵاتە عەرەبی و رۆژئاواییەکانن کە هەڵوێستی ئەرێنیان هەبوە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆئاڤای کوردستان.
ئێمە سوپاسگوزاری حکومەتە عەرەبییەکانین کە بەشێوەیەکی ئەخلاقی لە کاتە سەختەکاندا لەگەڵ خەڵکی باکو و رۆژهەڵاتی سوریا هەڵسوکەوتیان کردوە

 

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەنراوێکدا لە تویتەر رایگەیاندوە، "ئێمە سوپاسگوزاری حکومەتە عەرەبییەکانین کە بەشێوەیەکی ئەخلاقی لە کاتە سەختەکاندا لەگەڵ خەڵکی باکو و رۆژهەڵاتی سوریا هەڵسوکەوتیان کردوە وەک وڵاتانی، سعودیە، ئیمارات، بەحرەین، ئەردەن، لوبنان، لیبیا، مسر، کویت و عێراق، هەروەها حکومەتە رۆژئاواییەکانی وەک بەریتانیا، فەڕەنسا، هۆڵەندا، کەنەدا و ئەڵمانیا".
لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردودا حکومەتی ئەو وڵاتانە بە بەیاننامە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان رەخنەیان لە هێرشەکەی سوپای تورکیا گرتوە

 

هەڵوێستەکەی هەسەدە دوای ئەوە هات لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردودا حکومەتی ئەو وڵاتانە بە بەیاننامە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان رەخنەیان لە هێرشەکەی سوپای تورکیا گرتوە بۆ سەر ئیدارەی باکوری سوریا و داوای راگرتنی ئۆپراسیۆنەکەیان کردووە.

دوێنێ هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا داوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیان کرد تاوەکو تاوتوێی ھێرشەكەی توركیا بکەن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

چاوەڕان دەكرێت ئەنجومەنەكە بڕیارێك لەبارەی هێرشەکەی سوپای تورکیاوە لە بەرژەوەندی كورد و دژی توركیا دەربكات.

دوێنێ رەجەب تەیب، ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەرسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان راگەیاند، ئەوەش سەرەڕای هۆشداریەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP