سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان راگەیەندراوێکى لەسەر دۆخى رۆژئاڤا بڵاوکردەوە

- 10/10/2019 12:05:00 AM 2813 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌باره‌ت به‌دەستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه.

سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند،" پەرلەمانی هەریمی کوردستان، بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە لەشکرکیشی سوپای تورکیا بۆ چەند ناوچەیەکی جیاجیای رۆژئاوای کوردستان دەروانێت و داوا دەکەین هەرچی زوە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوەستێنرین و لە ریگای دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەوە کێشەکان چارەسەر بکرین".

راشیگەیاند،" داوا لە کۆمەڵگای نیوەدەڵەتی دەکەین، بە تایبەتی ئەمریکا و روسیا و بەریتانیا و فەرەنسا ، هەمو هیزو توانایان بخەنە گەڕ بۆ وەستاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەو ریگرتن لە ناسەقامگیری زیاتر و هەولدان بۆ رەخساندنی هەلومەرجی نوێ بۆ دانوستاندن".

ئاماژەى بەوەشدا، پەرلەمانی کوردستان بەردەوام بە دواداچون بۆ ئەم دۆخە دەکات و ئامادەکاری بۆ دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکات.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

سه‌باره‌ت به‌دەستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا داوای هه‌رچی زووه‌ وه‌ستاندنی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌:

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لە لەشکرکێشیی سوپای تورکیا بۆ چەند ناوچەیەکی جیاجیای رۆژئاوای کوردستان دەڕوانێت و داوا دەکەین هەرچی زوە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوەستێندرێن و لە رێگه‌ی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، دۆخی ناوچەکە هیشتا لە قۆناغێکی هەستیار و ناجێگیردایەو شەڕی تیرۆر کۆتایی نەهاتوە، گەلانی ناوچەکە لە نەهامەتی و ناسەقامگیریدا دەژین و پێمان وایە ئەم لەشکرکێشیە نەک چارەسەری کێشەکان ناکات بەڵکو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتی دوورتر دەخاتەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکەین بەتایبەتی ئەمریکا و روسیا و بەریتانیا و فەرەنسا هەموو هێزو توانایان بخەنەگەڕ بۆ وەستاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەو رێگرتن لە ناسەقامگیریی زیاتر و هەوڵدان بۆ رەخساندنی هەلومەرجی نوێ بۆ دانوستاندن، بە توندی ئیدانەی هەرجۆرە پەلامارێک دەکەین کە هاووڵاتییانی سیڤیل بە ئامانج بگرێت لەهەر لایەکەوە بێت.

پەرلەمانی کوردستان پشتیوانیی تەواو لە بوونی دیالۆگ و گفتوگۆ دەکات لەسەر ئاستی هەرێمایەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەییی کیشەکانی ناوچەکە، گەلی کوردستان بە شانازییەکی زۆرەوە پێشەنگی خەبات و قوربانی بوە لە شکستپێهێنانی تیرۆریستانی داعش و هێنانە دیی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەیی و جیهانی، بەردەوامیی ئەم دۆخە نەخوازراوە سەربازییەی سەر رۆژئاوای کوردستان زەمینەی زیاتر بۆ تیرۆریستان دێنێتە ئاراو دەستکەوتەکانی شەڕی تیرۆر لەناو دەبات و بەوەش ئاشتیی هەرێمایەتی و جیهانی دەکەوێتە بەردەم هەرەشەی جددییەوە، پەرلەمانی کوردستان بەردەوام پشتیوانیی چارەسەری ئاشتییانەو دیموکراسییانەی دۆزی رەوای خەلکی کوردستانە لەهەر پارچەیەک بێت، داوا لەسەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان دەکەین هەمو ناکۆکییەکی سیاسی بخەنە لاوەو لەسەر بنەمای حیکمەت و دوربینیی سیاسی پێکەوە لە خەباتی ئاشتییانەو دیپلۆماسییانەو مەدەنییانە بەردەوام بن بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوە، پەرلەمانی کوردستان بەردەوام بە دواداچون بۆ ئەم دۆخە دەکات و ئامادەکاری بۆ دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکات.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP