بەپەلە

هەدەپە سەبارەت بە لەشكركێشیەكانی توركیا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

- 10/9/2019 9:58:00 PM 7999 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، سەبارەت بە لەشكركێشیەكەی توركیا بۆ سەر ئیدارەی كوردی رۆژاڤا لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات رایگەیاند، ئەو كارە دەستدرێژیە بۆ سەر دانیشتوانی ناوچە سنوریەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات.

گەلی كورد و دیموكراسیەتی توركیا بەئامانج دەگرێـت

لە راگەیەندراوێكدا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە پارتی دیموكراتی گەلان بە توندی سەركۆنەی لەشكركێشیەكانی سوپای توركیا كرد بۆ سەر ئیدارەی سەربەخۆی كوردی لە باكوری فورات، راشیگەیاند "ئەو كارە گەلی كورد و دیموكراسیەتی توركیا بەئامانج دەگرێـت".

ئاماژە بەوەشكراوە "هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنوریەكان بە هەمانشێوە دەستدرێژیە بۆ سەر گەلانی نیشتەجێ لەو ناوچانە، بە تایبەتی گەلانی ئێزدی و توركمان و ئەرمەنی و ئاشوری و عەرەب".

دژ بە گەلی كورد و دەستكەوتەكانی ئەو دیموكراسیەیە كە بنیادنراوە

لە درێژەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "ئەو لەشكركێشی و توندئاژۆییەی توركیا بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی پارتێكی سیاسی و لایەنێكی دیاریكراو نیە، بەڵكو دژ بە گەلی كورد و دەستكەوتەكانی ئەو دیموكراسیەیە كە بە هاوبەشی لەگەڵ گەلانی ناوچەكەدا بنیادنراوە".

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەشدا هەدەپە دەڵێت "ئەو هێرشە كە سەرجەم نەریتە مرۆڤایەتی و دیموكراسیەكان بە ئامانجدەگرێت، بە هەوڵدان بۆ كردنەوەی رێگە لەبەردەم ژیانەوەی رێكخراوی چەكداری داعش هەژاردەكرێت، كە پێشتر دژ بە ئاینە جیاوازەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگی بەرپاكردوە".

لە هەمانكاتدا، پێگەی فەرمی پارتی دیموكراتی گەلان لە هەژماری تایبەتی خۆی هاشتاگی (دژ بە جەنگ دەنگت بۆ رۆژاڤا بڵند بكە)ی راگەیاند.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP