کۆسرەت رەسوڵ سەبارەت بە لەشكركێشیەكانی توركیا پەیامێک بڵاودەکاتەوە

- 10/9/2019 9:45:00 PM 9286 جار خوێندراوەتەوە

‎خەندان-

جێگرى یەکەمى سکرتێرى گشتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان پەیامێکى دەربارەى لەشکرکێشى تورکیا بۆسەر باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە.

کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەخوڵقێنێ و ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە و جیهانیش دەخاتە مەترسیەوە

لە پەیامەکەیدا کۆسرەت رەسوڵ، جێگرى یەکەمى سکرتێرى گشتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان نیگەرانى خۆى بۆ لەشکرکێشیەکەى تورکیا بۆ رۆژاڤا دەربڕی و رایگەیاند،" پەنابردن بۆ بژاردەی شەڕ و بەلاوەنانی بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی، کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەخوڵقێنێ و ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە و جیهانیش دەخاتە مەترسیەوە، جارێکی تر هەڕەشەی تیرۆر و كۆچى به ليشاو بەجۆرێکی تر سەرهەڵدەداتەوە".

‎جێگرى سکرتێرى یەکێتى وتیشى،" داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین، چۆن لە جەنگی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشدا، پشتیوانی گەلی قارەمانی کوردستان بون، لەم پەلاماردان و لەشکرکێشەیشدا، بێنەدەنگ بۆ راگرتنی شەڕ و رێگەگرتن لەکارەساتی گەورەی مرۆیی و تێکچونی ئاسایشی ناوچەکە"، ئاماژەی بەوەشكردوە "داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین، لە کۆبونەوەی چاوەروانکراویاندا گەلەکەمان نائومێد نەکەن و لەبەرژەوەندی ئاشتی و ئاسایشیدا بڕیاربدەن".

دەستپێشخەری کۆبونەوە و ميوانداريكردنى لوتکەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەخەمەرو 

‎کۆسرەت رەسوڵ، جێگرى سکرتێرى گشتى یەکێتى لە پەیامەکەیدا دەستپێشخەرى کۆبونەوەى لوتکەى لایەنە کوردیەکانی کرد و وتى،"دەستپێشخەری کۆبونەوە و ميوانداريكردنى لوتکەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەخەمەرو و بۆ پتەوکردنی تەبایی لایەنە سیاسیەکان و یەکریزی گەلەکەمان و یەکخستنی هەڵوێستەکان و ئامادەکاری بۆ روبەروبونەوەی مەترسیەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان".

دەقی پەیامەكەی كۆسرەت رەسول:
‎بەداخەوە سەرباری هۆشداری و ناڕەزایی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لەشکرکێشی و پەلاماری بۆ باکوری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد، کە سەرباری پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان و سەروەری خاکی سوریا، ژیانی هەزاران مرۆڤی مەدەنی بێدیفاع لەژێر مەترسی تۆپباران و ئاگری شەڕدان.

‎پەنابردن بۆ بژاردەی شەڕ و بەلاوەنانی بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی، کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەخوڵقێنێ و ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە و جیهانیش دەخاتە مەترسیەوە و جارێکی تر هەڕەشەی تیرۆر كۆچی به لێشاو بەجۆرێکی تر سەرهەڵدەداتەوە.

‎داوا لە کۆمەڵگای نێوەوڵەتی دەکەین، چۆن لە جەنگی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشدا، پشتیوانی گەلی قارەمانی کوردستان بوون، لەم پەلاماردان و لەشکرکێشەیشدا، بێنەدەنگ بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگەگرتن لەکارەساتی گەورەی مرۆیی و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە. لەمڕووەوە داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین، لە کۆبونەوەی چاوەروانکراویاندا گەلەکەمان نائومێد نەکەن و لەبەرژەوەندی ئاشتی و ئاسایشیدا بڕیاربدەن.

‎لەم بارودۆخە ئاڵۆزو مەترسیدارەدا، داوا لە هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان و گەلی کوردستان دەکەم، تەبایی و یەکریزیمان بپارێزین و نێوماڵی کوردستان تۆکمەتر بکەین. هەموو هەوڵێکمان بخەینەگەر بۆ هاوکاری مرۆیی ئاوارەکان و بەکارهێنانی هەموو کەناڵە پەیوەندییە دیپلۆماتیەکان لە پێناوی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی مەترسیەکان.

‎هەروەها دەستپێشخەری کۆبونەوەو ميوانداريكردني لوتکەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەخەمەروو و بۆ پتەوکردنی تەبایی لایەنە سیاسیەکان و یەکریزی گەلەکەمان و یەکخستنی هەڵوێستەکان و ئامادەکاری بۆ رووبەروبونەوەی مەترسیەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان.
‎سەربکەوێ ئاشتی ، نەفرەت لە شەڕو خوێنڕشتن.

‎کۆسرەت رەسول عەلی
‎جێگری سکرتێری گشتی ی.ن.ک
9/10/2019



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP