سلێمانی؛ ژمارەى توشبوانى ئۆتیزم راگەیەندرا

- 10/9/2019 8:53:00 PM 1681 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ چاودێری ‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی پارێزگاى سلێمانى ژمارەى توشبوانى ئۆتیزمى لە پارێزگاى سلێمانى راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، له‌ كۆنفرانسێكی‌ تایبه‌تدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ چاودێری ‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئه‌نجامی‌ روپێویه‌كی‌ بۆ توشبوانی‌ ئۆتیزم خسته‌ڕو.

به‌پێی‌ ئه‌نجامى‌ روپێویه‌کە ژماره‌ی‌ توشبوانی‌ ئۆتیزم له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ 329 توشبوه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش 61 یان له‌ ره‌گه‌زی‌ مێ و 261 یان له‌ ره‌گه‌زی‌ نێرن.

لە کۆنفرانسەکەدا عومه‌ر گوڵپی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌پارێزگای‌ سلێمانی، دەربارەى روپێویەکە وتى،" ئه‌م ئامار و داتا متمانه‌ پێكراوه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ باشتر بتوانین بڕیار بده‌ین‌ و پلانه‌كانی‌ خۆمان دابڕێژین چ له‌سه‌ر ئاستی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ چ له‌سه‌ر ئاستی‌ وه‌زاره‌ت".

سه‌نته‌ری‌ ئۆتیزمی‌ سلێمانی‌ باشترین سه‌نته‌ری‌ سه‌رجه‌م عێراق ‌و كوردستانه‌

دەربارەى کارەکانى سەنتەرى ئۆتیزم بەرێوەبەرى گشتى چاودێر و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى رایگەیاند "ئه‌گه‌رچی‌ سه‌نته‌ری‌ ئۆتیزمی‌ سلێمانی‌ له‌ ئاست خواستی‌ دایك ‌و باوكان‌ و كێشه‌ی‌ ئۆتیزمدا نه‌بێت، به‌ڵام باشترین سه‌نته‌ری‌ سه‌رجه‌م عێراق ‌و كوردستانه‌ له‌ هه‌ردو ڕوی‌ ژماره‌ی‌ سودمه‌ندان‌ و كوالێتی‌ كاركردنه‌وه‌، به‌رنامه‌شمان هه‌یه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ جێگیربكه‌ین، هه‌روه‌ها له‌ ئاینده‌دا راهێنانی‌ زیاترمان ده‌بێت بۆ خێزانه‌كانیش".

 

وردەکارى روپێویویەکەى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی:

كۆی گشتی ئەو کەسانەی‌ کە روپێوییەکە بە پێی‌ بەڵگەنامەی‌ فەرمی‌ بە توشبوی‌ ئۆتیزم ئەژماری‌ کردون بریتین لە 329 توشبو لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، لەوانە 268 یان لە رەگەزی‌ نێر و 61 یان لە رەگەزی‌ مێ-ن.

دابەشبونی منداڵانی ئۆتیزم بە پێی شوێن لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ژمارەیان196 توشبوی‌ ئۆتیزمە کە بەڕێژەی‌ %60 دانیشتوی‌ ناو شاری‌ سلێمانین و ئەوانەشی‌ لە دەرەوەی‌ شاری‌ سلێمانی نیشتەجێن بریتین لە 133 توشبو بە رێژەی‌ 40%.

زۆرترین ڕێژەی‌ توشبوانی‌ ئۆتیزم بریتیە لە منداڵانی‌ تەمەن 7 بۆ 11 ساڵە بە رێژەی‌ 47% 

دابەشبونى توشبوانى ئۆتیزم بە پێی‌ سودمەندبون لە سەنتەرەکان، رێژەی‌ منداڵانی‌ سودمەند لە سەنتەرەکانی‌ راهێنان بریتیە لە 219 توشبوی‌ ئۆتیزم بە رێژەی‌ %66.57، لەو ڕێژەیەش 96 توشبو لە سەنتەری‌ حکومی‌ سودمەندبون بە ریژەی‌ %29.17  و ئەوانەشی‌ لە سەنتەری‌ ناحکومی‌ سودمەند بون بریتین لە 123 توشبو بە رێژەی‌ 37.38%

دابەشبون بە پێی‌ سودمەندبون لە هاوکاریی‌ کۆمەڵایەتی‌، ژمارەی‌ ئەو توشبوانەی‌ ئۆتیزم کە تۆمارن لە تۆڕی‌ پاراستنی‌ کۆمەڵایەتی‌ و سودمەندن لە هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان بریتین لە 84 توشبو بە رێژەی‌ %25.53 و ژمارەی‌ ئەوانەشی‌ سودمەند نەبون بریتین لە 245 توشبو بەرێژەی‌ 74.47%.

لە کۆی‌ 329 خێزانی‌ ئۆتیزم تەنها 70 لە خێزانەکانیان بەشداری‌ خول و راهێنانیان کردووە بە رێژەی‌ %21.28، واتە 259 خێزان بە ڕێژەی‌ %78.72 بەشداری‌ هیچ خول و راهێنانێکیان نەکردوە.

بە پێی‌ ئەنجامی‌ روپێوییەکە 265 خێزان دۆخی‌ ئابوریان مامناوەندو باشە بە رێژەی‌ %80، و 264 خێزانی‌ ئۆتیزم بە رێژەی‌ %80.24 نیشتەجێن لە موڵکی‌ خۆیاندا، هەروەها ژمارەی‌ ئەو خانەوادانەی‌ کە دۆخی‌ ئابوریان خراپ و زۆر خراپە بریتیە لە 64 خێزان بە رێژەی‌ %19.46، و ژمارەی‌ ئەو خانەوادانەی‌ کە لە خانوی‌ کرێدان بریتیە لە 61 خێزان بە رێژەی‌% 18.54.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP