ئەنجومەنى وەزیرانی حکومەتی هەرێم تاوتوێى دۆخى سوریا و عێراق دەکات

- 10/9/2019 5:56:00 PM 459 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمرۆ، ئەنجومەنى وەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆبوەوە و تاوتوێى دۆخى عێراق و سوریا و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى کرد.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوەوە.

بەپێى راگەیەندراوى کۆبونەوەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەوەکەدا تیشکی خستە سەر گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق و سوریا. 

لە بارەى خۆپیشاندانەکانى عێراق ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند،"لە کاتێکدا پشتگیریی لە داوا رەوا و یاساییەکانی خۆپێشاندەران دەکەین کە بە شێوازێکی ئاشتیانە و مەدەنیانە پێشکەشی بکەن".

هاوکات، ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان پشتگیریی بۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

لەبارەى پەرەسەندنەکانی دۆخی سوریاش، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند،"ئاڵۆزتربونی دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەری و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنوری سوریادا نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبونی بە هەزاران خەڵک و بەشێکی زۆریشیان پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن، بۆیە پێویستە کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و بڕیاری تاکلایەنەی سەربازی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی ناوچەکەدا نییە".

هەر لە کۆبونەوەکەدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی دەربارەی ئامادەکاری وپێداویستییەکانی ئەگەری هاتنی شەپۆلی پەنابەران لە سوریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕو.

ئەنجومەنى وەزیران دواى  لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکانیش کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ میوانداریکردنی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی سوریا.

لە چوارچێوەى کۆبونەوەکەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتێکی دەربارەی پێشنیارەکانی وەزارەتەکەى بۆ پشتیوانی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی خستەڕو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، ئەنجومەنی وەزیران وەزیرە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی دەستەبەری کرێکاران و پێدانی پارەی بەشدارییەکانی کرێکاران بە گوێرەی یاسای خانەنشین و دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP