سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری

- 10/9/2019 5:12:00 PM 925 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ چوار شەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری فایەق زێدان.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی لێکۆڵینەوەی یاسایی و دادپەروەرانە، سەبارەت بە تاوانی دەستڕێژکردنە سەر خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان بە گولـلە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە، ھاوکات تەئکیدیکردەوە لە سزادانی ئەوانەی بەرپرسیارن لە ڕشتنی خوێنی ھاووڵاتیانی عێراق.

ھەر لە دیدارەکەدا باس لە گرنگی ڕۆڵی دادگای عێراق کرا، بەتایبەتی دادگای پرسی ئەستۆ پاکی و پێویستی کاراکردنی ڕۆڵی دادوەری گشتی بۆ یەکلایی کردنەوەی دۆسییەکانی گەندەڵی و سزادانی سەرپێچیکاران بۆ سەر مۆڵکی گشتی.

سەرۆک بەرھەم ڕۆڵی کارای دادگا و پاراستنی سەربەخۆیی تەواوی خۆی و بەرجەستەکردنی بنەماکانی دادپەروەری بەرزنرخاند، ھاوکات ئاماژەی بە گرنگی ھاریکاری و ھەماھەنگی نێوان سێ سەرۆکایەتییەکەی وڵات کرد بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی تایبەت بە جێ بەجێکردنی داواکارییە ڕەواکانی خۆپیشاندەران و پاراستنی ئاسایش و پارێزگاری لە دەستوور.

ھەر لەو دیدارەی نێوان سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری باس لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی سەپاندنی دەستەڵاتی یاسا و پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان و موڵکی گشتی کرا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP