"نیگەرانی ته‌واومان هه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا"
هێمن هه‌ورامی: خوازیارین گه‌لی كوردستان نه‌بێته‌ قوربانی گەمەی ناوچەکە

- 10/9/2019 3:41:00 PM 2092 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هێرش و په‌لامار بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و نیگه‌رانی گه‌لی كوردستانن له‌ رۆژئاوای كوردستان، دەشڵێت،  سه‌رۆك كۆماری عێراق و سێ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی کوردستان و نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا و سه‌ركردایه‌تی سیاسی له‌ گفتوگۆی به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌كگرتو بین.
دڵ و ده‌رونمان له‌گه‌ڵ پارچه‌یه‌كی كوردستانە كه‌ رۆژئاوای كوردستانە

 

هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكی بۆ رۆژنامه‌نوسان  ئەمڕۆ چوارشەممە رایگه‌یاند، "دڵ و ده‌رونمان له‌گه‌ڵ پارچه‌یه‌كی كوردستانە كه‌ رۆژئاوای كوردستان، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئێستا به‌هۆی كشانه‌وه‌ی به‌شێك له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هه‌ندێک ناوچه‌ی سنوری گه‌لی رۆژئاوا ئێستا له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ و جارێكی تر گه‌له‌كه‌مان ده‌بێته‌ قوربانی جه‌نگ".
خوازیارین گه‌لی كوردستان نه‌بێته‌ به‌شێك له‌ قوربانی ئه‌و گه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مانی كوردستان هاوڕاین له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێز و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كورستان خوازیارین گه‌لی كوردستان نه‌بێته‌ به‌شێك له‌ قوربانی ئه‌و گه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌".

هێمن هه‌ورامی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستانە له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، كاتێك كۆبانێ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆرستان بو به‌ بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆك بارزانی كه‌ ئه‌وكات سه‌رۆكی هه‌رێم بو، پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نێردرایه‌ كۆبانێ و توانرا پێكه‌وه‌ شه‌ڕی تیرۆرستانی داعش بكرێت".
نیگه‌رانیه‌كی قوڵ و ته‌واومان هه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كشانه‌وه‌ی به‌شێك له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ سنوریه‌كان

 

هه‌ورامی رونیشیکردەوە، "هه‌ڵوێستی په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ نیگه‌رانیه‌كی قوڵ و ته‌واومان هه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كشانه‌وه‌ی به‌شێك له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ سنوریه‌كان، كه‌ ره‌نگه‌ رێگه‌ خۆشبكات بۆ په‌لاماردانی سه‌ربازی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ پێمانوایه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ سوریا دێت به‌ مافه‌ ره‌واكانی خۆیان بگات له‌ مافی هاوڵاتیبون و خۆبه‌ڕێوه‌بردن له‌ چوارچێوه‌ی گفتوگۆكانی بۆ ده‌ستوری سوریا داده‌نرێت، گه‌لی كورد به‌شدار بێت وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی ناو ده‌وڵه‌تی سوریا".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP