هەرێمی کوردستان و ئێران کار لەسەر فراوانکردنی خاڵە سنورییەکان دەکەن

- 10/9/2019 2:55:00 PM 1410 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق لە هەوڵدان بۆ فراوانکردنی کاری خاڵە سنورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران، جەختیشدەکاتەوە لە پێدانی پڕۆژەکان بە کۆمپانیاکاندا رەچاوی کوالیتی دەکەن.

دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێم لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی دەرەوە و كونسوڵی ئێران رایگەیاندوە، بۆ ئەنجامدان‌ و پێشكەشكردنی تەندەری پڕۆژەكان، حكومەتی هەرێم كار لەسەر بەرزیی كوالێتی‌و ئاست‌و دڵنیایی جۆریی كۆمپانیا رەسەنەكان دەكات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی بۆ هەرێمی كوردستان لەهەمو رویەكەوە گرنگە بەهۆی نزیكیی سنور و تێكەڵاویی فەرهەنگ‌و كلتورو لایەنە كۆمەڵایەتی‌و ئابوورییەكان.

دارا رەشید باسی لەوەکردوە، بەهەوڵی هەردولا دەتوانن كێشە و ئاستەنگەكان چارەسەربكەن، وەکو هەرێمیش لە هەوڵدان لەگەڵ حكومەتی عیراق كاری خاڵە سنوورییەكان فراواتربكەن.

ئەوە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان و ئێران لە رێگای چەندین دەروازەی نێوەدەوڵەتی و لاوەکییەوە ئاڵوگۆڕی بەرهەمەکان دەکرێت، بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم لەو رێگایەوە ساڵانە بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار شتومەکی ئێران لە بازارەکانی هەرێمدا ساغدەکرێنەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP