دۆناڵد ترەمپ: نەدەبو هەرگیز ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت

- 10/9/2019 2:46:00 PM 5519 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەو شەڕە بێمانایە"ی کە ماوەی سەدان ساڵە لەنێوان چەندین گروپدایە لەوناوچەیە بۆ ئەوان کۆتایی هاتوە و ئەوان سەربازەکانی خۆیان کشاندوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەروەها لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتویتەر نوسیویەتی، "لە بنەڕەتدا پێویست نەبون ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت".

باسی لەوەشکردوە، "پێویستە تورکیا ئەو چەکدارە دەستگیرکراوانەی داعش وەربگرێتەوە کە ئەوروپیەکان رەتیانکردەوە بیگرنە خۆیان".

رەمپ چەند خولەکێک دواتر و لەتویتێکی دیکەدا ئاماژەی بەوەکرد، چونی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراپترین بڕیاربوە لەمێژوی ئەمریکادا درابێت.

نوسیویشیەتی، ئەمریکا هەشت ترلیۆن دۆلاری لەجەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرجکردوە، هەزاران سەربازی لەوپێناوەدا کوژراون و برینداربون، لەلایەنەکانی دیکەش ملیۆنان کەس بەهۆی جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گیانیان لەدەستداوە. 

 

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاندبو، تورکیا بەنیازە لەشکرکێشی بکاتە سەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و پەرپرسە لەچارەنوسی سەدان چەکداری داعش کە دەستگیرکراون.

 ئەمە بۆ دوەمین جارە لەماوەی 24 کاتژمێری رابردودا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەستەواژەی " شەڕی سەخیف و بێ مانا" لەبەرامبەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی سوریا بەکاردەهێنێت، بەڕای بەشێک لەبەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی و سیناتۆرەکانی ئەمریکاش، بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە پێچەوانەیە لەگەڵ ستراتیژی ئەمریکا لەوناوچەیە و پێویستە رێگری لێبکرێت.  



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP