مەسعود بارزانی و کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر کۆبونەوە

- 10/9/2019 2:41:00 PM 2054 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ستیڤ ڤیگن، كونسوڵی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریكا لە هەولێر کۆبونەوە و لەبارەی دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستانەوە گفتوگۆیان کرد.
بارزانی جارێکی تر نیگەرانیی قوڵی خۆی لە ئەگەری ڕودانی کارەسات بۆ کوردی سوریا دەربڕی

 

بەپێی راگەیەندراوی ماڵپەڕی مەسعود بارزانی، لەو کۆبونەوەیەدا لەبارەی دۆخی سوریا و ئەگەری ڕودانی شەڕ و کارەسات گفتوگۆی ورد و راشكاوانە کرا، بارزانی جارێکی تر نیگەرانیی قوڵی خۆی لە ئەگەری ڕودانی کارەسات بۆ کوردی سوریا دەربڕی و داوای کرد ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ پاراستنی گەلی کورد ڕۆڵی خۆیان ببینن.
چاوەڕوانیمان لە ئەمریکا و هاوپەیمانان و کۆمەڵی نیودەوڵەتی هەیە ڕێگە نەدەن بە بەرچاوی ئەوانەوە گەلی کورد توشی کارەساتی تر بێت

 

بارزانی لەو دیدارەدا رونیکردەوە، "گەلی کورد لەچوارچێوەی شەڕی دژی تیرۆردا قوربانی زۆری داوە و ئێستا چاوەڕوانیمان لە ئەمریکا و هاوپەیمانان و کۆمەڵی نیودەوڵەتی هەیە ڕێگە نەدەن بە بەرچاوی ئەوانەوە گەلی کورد توشی کارەساتی تر بێت و لەو بارەیەوە بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە سەرشانی ئەمریکا و هاوپەیمانان".
سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاگاداریی جەنابت، گەلی کوردستان هەمیشە داوای مافە ڕەواکانی خۆی کردوە و بەرگریی لە خۆی کردوە

 

ئەو کۆبونەوەیەی مەسعود بارزانی و کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر دوای پەیامەکەی ئەمڕۆی بارزانی دێت بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە رایگەیاندبو، "بەڕێز سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاگاداریی جەنابت، گەلی کوردستان هەمیشە داوای مافە ڕەواکانی خۆی کردوە و بەرگریی لە خۆی کردوە".
پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی تێکشکاند و کورد بەشێکی کاریگەر بون لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر

 

ئاماژەی بەوەشکردبو، "پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی تێکشکاند و کورد بەشێکی کاریگەر بون لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر، خوێنی کورد زۆر لە چەک و پارە، بەهادارترە".

هەر لە دیدارەکەی بارزانی و کونسوڵی ئەمریکادا باس لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی پارێزگاکانی عێراق کرا و بارزانی لەوبارەیەوە وتی، "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین داواکارییە شەرعییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن".

وتیشی، "لە هەمانکاتدا دژی ئەوەین بەرپرسیارێتیی گەندەڵییەکانی رابردو بخرێتە ئەستۆی حکومەتی ئێستا و کەسانێکی هەلپەرست کە خۆیان بەرپرسی دۆخەکەن، ئێستا بۆ دژایەتیی سەرۆک وەزیران بیانەوێت سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن و لەوبارەیەوە پشتیوانیی خۆی بۆ حکوومەتی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی دووپات کردەوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP