ساڵح موسلیم وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە
موسلیم: ئه‌مریكا له‌خاڵه‌ سنورییه‌كان كشاوه‌ته‌وه، له‌ شوێنه‌كانی دیکە لەئەرکدان

- 10/9/2019 9:49:00 AM 73514 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هاوسه‌رۆكی په‌یوه‌ندییه‌ گشتیه‌كانی ته‌ڤده‌م وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە کە رایگەیاندبو، کوردەکان لە بەرامبەر پارەو چەکدا شەڕی بۆ کردون و وتی، ترەمپ باسی 11 ھەزار شەھیدی ئەوانی نەکردوە، دەشڵێت، "بەڕێز ترەمپ ده‌یتوانی بڵێت چەند سەربازی ئەمریکی لێرە شەھیدبون؟ ئەوەی شەڕی دەکرد ئێمە بوین ئەوەی لەپێشەوە بو ئێمە بوین، بڕوانە لە شەڕی عێراق چەند سەربازی ئەمریکی تیاچون؟ لەشەڕی ئەفغانستان چەند تیاچون؟ لەو شەڕانەشی لەگەڵ ئێمە کردی چەند سەربازی تیاچون؟، با ئەو بەراوردانە ببینێت".
ئه‌وه‌ی توركیا له‌ عه‌فرین كردی كوشتن و له‌ سێداره‌دان و چه‌ته‌یی ده‌ركردن و دزیكردن بو

 

ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی په‌یوه‌ندییه‌ گشتیه‌كانی ته‌ڤده‌م لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا باس لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوکات وەڵامی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و راگەیاندوە، "توركیا ئه‌زمونی پێشتری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كورده‌كان ئه‌ویش ئه‌وه‌بو هێرشیكرده‌ سه‌ر عه‌فرین، ئه‌وه‌ی توركیا له‌ عه‌فرین كردی له‌ كوشتن و له‌ سێداره‌دان و چه‌ته‌یی ده‌ركردن و دزیكردن هیچ شتێكی پیستر  نه‌ماوه‌ كه‌ توركیا له‌ ئه‌رزی واقیعدا به‌كردار نەیکات، كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌مریكا هات گڵۆپی سه‌وزی بۆ هێرشی توركیا هه‌ڵكرد كه‌ ئه‌مه‌ به‌لای كورده‌كانی ڕۆژئاواوه‌ جێی قبوڵ نیه‌".
ئێمه‌ كه‌وتوینه‌ته‌ ڕێ و گه‌ڕانه‌وه‌مان نیه‌ به‌ڵام توركیش ئه‌وه‌ی ده‌وێت كه‌ كورد له‌ماڵ و شوێنی خۆی ده‌ربكات و خه‌ڵكی تر بهێنێته‌ جێگای

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بابه‌ته‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ كه‌وتوینه‌ته‌ ڕێ و گه‌ڕانه‌وه‌مان نیه‌ به‌ڵام توركیش ئه‌وه‌ی ده‌وێت كه‌ كورد له‌ماڵ و شوێنی خۆی ده‌ربكات و خه‌ڵكی تر بهێنێته‌ جێگای، به‌ڵام كورد ڕاناكات و له‌وڵاتی خۆی ده‌رناچێت و له‌ به‌رخۆدانی خۆی به‌رده‌وامه‌ هه‌تا ئه‌و جێگایه‌ی دوژمن بشكێنن، به‌ڵام پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو كوردێك كه‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بن دیاره‌ من به‌وانه‌ ناڵێم له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌ماهه‌نگ و هاوسۆزن".

دوای ئەوەی شەوی یەکشەممەی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و لەبارەی ناوچەی ئارام لە سوریا گفتوگۆیان کرد، کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و رایگەیاند، "بەمزوانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێدەکات".
ئه‌مریكا له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی دژی داعش ماوه‌ی چوارساڵه‌ لێره‌یه‌ و هاوكاریمان ده‌كات و توانیشمان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنین

 

ساڵح موسلیم وتیشی، "وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موان ده‌یزانن له‌هه‌مو دنیاشدا دیاره‌ ئه‌مریكا له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی دژی داعش ماوه‌ی چوارساڵه‌ لێره‌یه‌ و هاوكاریمان ده‌كات و توانیشمان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنین، بۆیه‌ به‌شێكی زۆری كورد به‌تایبه‌تی له‌ناو هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌نێویاندا نایانه‌وێت زو به‌زو ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ توند و تۆڵه‌ی نێوانیان نه‌مێنێت و هاوكارییه‌كان ببڕن، به‌ڵكو به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌كانیان ده‌وێت".
ڕاسته‌ ئێستا ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنور كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا مه‌ترسی داعش ماوه‌ له‌ حه‌سه‌كه‌ و دێرزور و ڕه‌ققه

 

ئەوەشی خستەڕو، "ڕاسته‌ ئێستا ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنور كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا مه‌ترسی داعش ماوه‌ له‌ حه‌سه‌كه‌ و دێرزور و ڕه‌ققه به‌رامبه‌ر شانه‌ نوستوه‌كانی داعش تا ئێستا پێكه‌وه‌ به‌رگری ده‌كه‌ین، ئێمه‌ هیوادارین ئه‌و بڕیاره‌ توركیا ده‌ستكراوه‌ نه‌كات له‌شه‌ڕ و ڕێگری لێبكه‌ن له‌ هێرش كردن چونكه‌ هیچ لایه‌ك نایه‌وێت شه‌ڕ بكات".
 هێزه‌كانی ئه‌مریكا كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ته‌واوی له‌سه‌ر سنور له‌و خاڵانه‌ی كه‌ وه‌ك خاڵی پاراستن به‌كارییان ده‌هێنان و ته‌نها پێیان وتین ڕێنمایی هاتوه‌ و ده‌كشێینه‌وه‌

 

هاوسه‌رۆكی په‌یوه‌ندییه‌ گشتیه‌كانی ته‌ڤده‌م سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌ته‌واوی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌كوێ كشاونه‌ته‌وه‌ وتی، "ئه‌وه‌ی كه‌باس ده‌كرێت هێزه‌كانی ئه‌مریكا كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ته‌واوی له‌سه‌ر سنور له‌و خاڵانه‌ی كه‌ وه‌ك خاڵی پاراستن به‌كارییان ده‌هێنان و ته‌نها پێیان وتین ڕێنمایی هاتوه‌ و ده‌كشێینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ شوێنه‌كانی تر له‌شوێنی خۆیانن وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه‌، وه‌ك له‌ حه‌سه‌كه‌، نزیكی كۆبانی، هه‌روه‌ها له‌ ڕه‌ققه‌ له‌ شوێنی خۆیانن و هیچ گۆڕانكارییه‌ك ڕوینه‌داوه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌و شوێنانه‌ كشابێتنه‌وه‌ به‌ڵكو له‌ ئه‌ركی خۆیان به‌رده‌وامن".
ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ ئێمه‌ دیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و خاڵانه‌ی له‌سه‌ر سنور چاودێرییان ده‌كرد ئه‌وانه‌ چۆڵكرابون پاشه‌كشه‌یان پێكراوه‌

 

ساڵح موسلیم رونیکردەوە، "ئێمه‌ ئه‌وه‌ نازانین كه‌ چ گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان ئه‌مریكا و توركه‌كاندا ڕویانداوه‌؟، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ ئێمه‌ دیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و خاڵانه‌ی له‌سه‌ر سنور چاودێرییان ده‌كرد ئه‌وانه‌ چۆڵكرابون پاشه‌كشه‌یان پێكراوه‌، واته‌ به‌ توركه‌كانیان وتوه‌ فه‌رمون ئێوه‌ ده‌توانن بێن، جا ئیتر توركیا هه‌تا كوێ دێت؟ ئێمه‌ش ئه‌وه‌ نازانین، به‌ڵام هێزه‌كانی ئێمه‌ له‌وێن هه‌ركات توركیا بیه‌وێت هێرش بكات هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌رپه‌رچیان ده‌داته‌وه‌".
ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌زانین هێزه‌كانی سوریای دیموكرات هه‌مو حساباتێكی خۆی كردوه‌، ئاماده‌كاری خۆی كردوه‌ هه‌تا بتوانن به‌رگری بكه‌ن و گه‌ل بپارێزن

 

لەوەڵامی ئەوەی ئایا توانای ئەوەیان هەیە به‌رپه‌رچی هێرشی توركیا بده‌نه‌وه‌؟ ساڵح موسلیم وتی، "ئێمه‌ بتوانین یاخود نه‌توانین ئه‌وه‌ كاری سه‌ربازییه‌، ناتوانم قسه‌ی زیاتر له‌وباره‌وه‌ بكه‌م، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌زانین هێزه‌كانی سوریای دیموكرات هه‌مو حساباتێكی خۆی كردوه‌، ئاماده‌كاری خۆی كردوه‌ هه‌تا بتوانن به‌رگری بكه‌ن و گه‌ل بپارێزن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناشاردرێته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ كه‌وتوینه‌ته‌ شه‌ڕێك له‌گه‌ڵ هێزێكی ئه‌ندامی ناتۆ كه‌ خاوه‌نی چه‌كی به‌هێز و جبه‌خانه‌ی به‌هێزی هه‌یه‌، به‌ڵكو ناتۆ پێی بڵێت كه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ناتۆ به‌كارمه‌هێنه‌ یاخود پێی بڵێ تۆ مافی هێرش كردنت نیه‌، یا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ڕێگری هێرشكردنی لێ بكات، به‌ڵام له‌سه‌ر و هه‌موشیه‌وه‌ هیچ شتێك ئێمه‌ له‌به‌رگری كردن ناوه‌ستێنێت".
په‌یوه‌ندی و تێكه‌ڵی ئێمه‌ هه‌تا ئێستاش هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ له‌گه‌ڵ روسیا و ئینگلته‌را، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا-ش په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ كه‌ دانیشتین بكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ری

 

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی دوای بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ساڵح موسلیم ده‌ڵێت، "په‌یوه‌ندی و تێكه‌ڵی ئێمه‌ هه‌تا ئێستاش هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ له‌گه‌ڵ روسیا و ئینگلته‌را، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا-ش په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ كه‌ دانیشتین بكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ری، به‌ڵام ئێمه‌ داوا له‌كه‌س ناكه‌ین كه‌ هاوكاریمان بكه‌ن و چه‌كی خۆیان به‌كاربهێنن بۆ پاراستنی خۆیان، ئێمه‌ خۆمانین و باوه‌ڕمان به‌خۆمان هه‌یه‌ داوای هاوكاریمان له‌ ئه‌مریكا نه‌كردوه‌ و نایكه‌ین چونكه‌ ئه‌مریكا ئێمه‌ی دروستنه‌كردوه‌، به‌ڵكو خۆمان خۆمانمان دروست كردوه‌ له‌سه‌ر پشتی ئه‌مریكا دروست نه‌بوین".
هه‌مو كه‌س ده‌زانێت ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ كێ هه‌یه وه‌ ئازادیشین له‌و په‌یوه‌ندییانه‌

 

موسیلم ئەوەشی وت، "هه‌مو كه‌س ده‌زانێت ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ كێ هه‌یه وه‌ ئازادیشین له‌و په‌یوه‌ندییانه‌، ئێمه‌ نازانین و دیارنیه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ماوه‌كانی داهاتو دانوستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ ڕژێمی سوریا-دا ده‌ست پێبكاته‌وه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردن و ناساندنی مافی دیموكراسی ئێمه‌ له‌ده‌ستوری نوێی سوریا بۆ ئه‌مه‌ش كه‌سێك بیه‌وێت ڕێگری بكات و ده‌ستمان ببه‌ستێت شتی له‌وجۆره‌ نیه‌".

ساڵح موسلیم ده‌شڵێت، "كۆبونه‌وه‌ و دانیشتن دروست ده‌بن به‌ڵام زیاتر له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ هێزی سوریا و دیموكراتی به‌ڵام وه‌ك هێڵی سیاسی په‌یه‌ده‌ هیچ دانوستان و ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان دروست نه‌بووه‌."

حەوتی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی تویتێکەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی رایگەیاند، کوردەکان لە باکوری سوریا لە بەرانبەر چەک و پارەدا شەڕیان بۆ کوردون و پێویستە هێزەکانیان "لەو شەڕە بێمانایە" بچێتە دەرەوە.
راستە ئەمڕۆ دوژمنێکی ھاوبەش ھەبێت بێگومان پێویستە ھاوکاریش ھەبێت و چەکیش بدەن، بەڵام بەڕێز ترەمپ باسی 11 ھەزار شەھیدی ئێمەی نەکردوە

 

ساڵح موسلیم سه‌باره‌ت بەوتەکانی دۆناڵد ترەمپ وتی، "راستە ئەمڕۆ دوژمنێکی ھاوبەش ھەبێت بێگومان پێویستە ھاوکاریش ھەبێت و چەکیش بدەن، بەڵام بەڕێز ترەمپ باسی 11 ھەزار شەھیدی ئێمەی نەکردوە، بەڕێز ترەمپ ده‌یتوانی بڵێت چەند سەربازی ئەمریکی لێرە شەھیدبون"؟ ئەوەی شەڕی ئەکرد ئێمە بوین ئەوەی لەپێشەوە بو ئێمە بوین".
سوپای ئەمریکا سەلامەتبون ھیچ زیانێکیان بەر نەکەوت، بۆیە دەبێت قوڵتر سەیری بابەته‌كه‌ بکەین ئەو شەڕەی لەسوریا ھەبو شەڕێکی زۆر گەورە بو

 

باسی لەوەشکردوە، "سوپای ئەمریکا سەلامەتبون ھیچ زیانێکیان بەر نەکەوت، بۆیە دەبێت قوڵتر سەیری بابەته‌كه‌ بکەین ئەو شەڕەی لەسوریا ھەبو شەڕێکی زۆر گەورە بو ئەمە لەلایەک لەلایەکیتر بڕوانێت لەشەڕی عێراق چەند سەربازی ئەمریکی تیاچون؟ لەشەڕی ئەفغانستان چەند تیاچون؟ لەو شەڕانەشی لەگەڵ ئێمە کردی چەند سەربازی تیاچون؟ با ئەو بەراوردانە ببینێت ئینجا باسی چەک و پارە بکه‌ن".

دوێنێ مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "زۆر نیگەرانین لەبارەی پەرەسەندنەکانی ئەم دوایەی رۆژئاوای کوردستان، ئێمە لە چەند کەناڵێکەوە لە پەیوەندیداین و ئەو پەڕی هەوڵدەدەین تاوەکو دڵنیابین لەوەی کە خەڵکی رۆژئاوا نابنە قوربانی هیچ کارەساتێکی دیکە".
پێویستە لەسەر ھەر کوردێک کە بەو شێوەیە بێت، ئومێدی ئێمە لەسەر کاک مەسعود زیاترە لەوەی کە دەتوانێت دیالۆگ و یەکێتی کوردان دروستبکات

 

ساڵح موسلیم پەیامەکەی مەسعود بارزانی به‌هه‌ڵوێستی باش وه‌سفی كرد و وتی، "بێگومان ئەو ھەڵوێستە بەشتێکی باش دەزانین جێی سوپاسە، پێویستە لەسەر ھەر کوردێک کە بەو شێوەیە بێت، ئومێدی ئێمە لەسەر کاک مەسعود زیاترە لەوەی کە دەتوانێت دیالۆگ و یەکێتی کوردان دروستبکات، دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ ھەمولایەنەکان باش بکات و لەگەڵ ئێمەشدا پەیوەندی باشی ھەبێت".
به‌بڕوای ئێمه‌ یەکێتی کوردان له‌ ئێستادا لەھەرکاتێکی تر زیاتر پێویستە نەک ته‌نها بۆ ڕۆژئاوا بەتەنھا بۆ تەواوی کوردستان

 

رونیشیکردەوە، "به‌بڕوای ئێمه‌ یەکێتی کوردان له‌ ئێستادا لەھەرکاتێکی تر زیاتر پێویستە نەک ته‌نها بۆ ڕۆژئاوا بەتەنھا بۆ تەواوی کوردستان بە گشتی لەبەرئەوەی ئەو مەترسیەی کە ھەیە بۆ تەواوی کوردانە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP