سەرۆك بەرهەم بۆ پارێزگارەكانی عێراق: بەزوترین كات داواکاری هاوڵاتیان جێبەجێ بكەن

- 10/8/2019 7:11:00 PM 1698 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، لەمیانی پێشوازیکردنی لە پارێزگارانی ناوەڕاست و خواروی عێراق تەئکیدی کردەوە لەسەر پێویستی پارێزگاریکردن لە ئاسایشی گشتی و خۆپیشاندەران و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ داواکارییە رەواکانیان و وتیشی،"پێویستە دۆخەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکان ئارام بکرێتەوە، لەرێگەی دانبەخۆداگرتن لەپێناو پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق .

لەمیانی کۆبونەوەیەی ئەمڕۆ سێ شەممە 2019/10/8 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا  لەگەڵ ژمارەیەک لە پارێزگارەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق، سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لەسەر گرنگی پارێزگاریکردن لە خۆپیشاندەرانی ئاشتی خوازو پارێزگاریکردن لە ئاسایشی گشتی و رێگرتن لە رشتنی خوێنی زیاتر، هاوکات بەرەنگاربونەوەی هەر دەستدرێژییەک کە دەکرێتە سەر هێزە ئەمنییەکان و موڵکی گشتی، ئاماژەشی کرد بە پێویستی هەرچی زوی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دەستدرێژییانەی کە کرایە سەر خۆپیشاندەرەکان.
پێویستە بە گژ گەندەڵی دارایی و ئیدارییدا بچینەوەو گەندەڵکارانیش دادگای بکرێن

 

سەرۆک بەرهەم ئاماژەی کرد بە پێویستی جێبەجێکردنی داواکاری هاوڵاتیان لەپارێزگاکانیان بە زوترین کات ئەویش لەرێگەی رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجانی بێ کار تاکو پەتای بێ کاری بەرەو کەمبونەوە ببرێت و پێداویستییە رەواکانیان بۆ ژیانێکی شکۆمەند برەخسێنرێت، هاوکات ئاسانکاری بکرێت بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبون و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە تەواوی پارێزگاکان.

سەرۆک کۆمار دوپاتیشی کردەوە پێویستە بە گژ گەندەڵی دارایی و ئیدارییدا بچینەوەو گەندەڵکارانیش دادگای بکرێن.

سەرۆک کۆمار بە وردی گوێی بۆ پارێزگارەکانی باشورو ناوەڕاست و کەرکوک و نەینەوا گرت لەسەر بارودۆخی پارێزگاکانیان و وە ئەو بارودۆخانەی کە دەبنە رێگر لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان و ئەو هەوڵە پێویستانەی کە گرنگە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP