ناوچەی سەوز بەڕوی هاتوچۆدا کرایەوە

- 10/8/2019 6:17:00 PM 1389 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە کردنەوەی دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە شاری بەغدا دوای ئەوەی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک داخرابو.

لە هەواڵێکی ماڵپەڕی روسیا تودەیدا هاتوە، لە ئێستادا هاتوچۆ بۆ ناوچەی سەوز لە شاری بەغدا کە بارەگاکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و زۆرینەی نوێنەرایەتی دبلۆماسی وڵاتانی تێدایە بەرەوئاسایبوونەوە دەچێت.
لەئەگەری دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان ناچارن جارێکی دیکە دەروازەکە ناوچەی سەوز دابخەنەوە

سەرچاوەیەکی ئەمنیش بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندوە، لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان ناچارن جارێکی دیکە دەروازەکە ناوچەی سەوز دابخەنەوە.

ئەمڕۆش پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا دەنگیدا لەسەر پێشنیارەكانی لیژینەی تایبەت بە داواكاری خۆپیشاندەران و سڕکردنی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان، هاوکات زۆرینەی داوکاری خۆپیشاندەرانی پەسەند کرد و کارەکانی پشکنەری گشتی حکومی هەڵوەشاندەوە.

رۆژی 7ی ئەم مانگە تەلەفزیۆنی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق لێپرسینەوە لە ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکان دەکەن ئەگەر بەشێوازێکی هەڵە مامەڵە لەگەڵ ناڕەزاییەکاندا بکەن، وەزارەتی ناوخۆش دەنگۆی تەقەکردنی راستەوخۆی بە روی خۆپیشاندراندا رەتکردەوە.

لە یەکی ئەم مانگەوە به‌غدا و شاره‌كانی باشوری عێراق بونه‌‌ گۆڕه‌پانی زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندان كه‌ به‌ هۆی "گه‌نده‌ڵی، بێكاریی و نه‌بونی خزمه‌تگوزاری گشتی" ئه‌نجامدران، بەهۆی خۆپیشاندانەکانیشەوە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا 110 کەس کوژران و زیاتر لە شەش هەزار و 107 کەسی دیکەش برینداربون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP