لاڤرۆڤ: پشتگیریی لە هەبونی گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و مۆسکۆدا دەکەین

- 10/7/2019 10:40:00 PM 1648 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران و شاندێكی حكومەتی هەرێم پێشوازییان لە شاندێکی باڵای روسی بە سەرۆکایەتی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا کرد.

لە کۆبونەوەیەکدا، وەزیری دەرەوەی روسیا دوبارە پیرۆزبایی دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بە پەیوەندی مێژویی نێوان گەلی کورد و روسیا و مانەوەی سەرکردەی شۆڕشی ئەیلول، مەلا مستەفا بارزانی کرد لە روسیا .

 

لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و روسیا کرایەوە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان ئاماژەی بەوەدا کە پێشوازی لە بەهێزبونی پەیوەندییە ئابورییەکانمان لەگەڵ روسیادا دەکەین ، لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی روسیا ستایشی سەقامگیریی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی کرد و ئامادەیی وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ سەرمایەگوزاریکردن لە هەرێمی کوردستان . هەروەها پشتگیریشی لە هەبونی گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و مۆسکۆ کرد .

لە تەوەرێکی کۆبونەوەکەدا باس لە جموجۆڵ و هەڕەشەکانی داعش کرا لە چەند ناوچەیەکی عیراق و  سوریا . هەردولا هاوڕابون کە داعش هێشتاش مایەی هەڕەشەیە لەو ناوچانە. لاڤرۆڤ ستایشی رۆڵی گرنگی پێشمەرگە و کوردی کرد لە عێراق و سوریا لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و ئامادەیی روسیاشی دەربڕی بۆ هەر هاوکارییەک کە لە مبارەیەوە پێویست بێت.

 

هەروەها لە کۆبونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سوریا کرا. ئاماژە بەوە درا کە گرژبونی زیاتری دۆخەکە زیانێکی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت. هەردولا هاوڕابون کە کورد رۆڵی خۆی لە داهاتوی سوریادا هەبێت. 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوامن. وەزیری دەرەوەی روسیا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆکانی نێوان هەردولا دەربڕی .



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP