گەڵا: مامم وتی کچ و خوێندیان نەوتوە
لەبەشێك لە گوندەكانی گەرمیان هێشتا كچان لەخوێندن بێبەشدەكرێن

- 10/7/2019 8:11:00 PM 5146 جار خوێندراوەتەوە
وێنەكە لە گۆگڵەوە وەرگیراوە

خەندان-  نیگار عومەر

لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی نەبونی قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی لە زۆرێك لە گوندەکان، وایکردوە کچانی گوندەکان دوای تەواوکردنی قوناغی سەرەتایی، لەلایەن كەسوكاریانەوە لە خوێندن بهێنرێنە دەرەوە.

* هەمو ساڵێك کە قوتابخانە دەسپێدەکات، چاوم پڕ دەبێت لە فرمێسك و سەیری ڕێگای قوتابخانەکەم دەکەم..
ئەمە چیرۆکی کچە قوتابییەکە، كه‌ بێ ویستی خۆی لە خوێندن بێبەشكراوە!

گەلای ، تەمەن 20ساڵان، دانیشتوی گوندی قولەبەرزی سەر بە قەزای کەلارە، گەڵا چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت،"تەمەنم 12ساڵان بو،  پۆلی شەشی سەرەتاییم تەواوکرد، لە گوندەکەی خۆمان، بەهۆی نەبونی قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەییەوە نەمتوانی درێژە بە خوێندنەکەم بدەم".

گەڵا وتی،"دوای ئەوەی کە قوتابخانە نەبو، وەك هەمو هاوڕێکانی دیکەم، منیش ویستم درێژە بە خوێندنەکەم بدەم، بەماڵەوەم وت كە دەمەوێت بۆ خوێندن بچمە ناحیەی باوەنور یان کەلار، ماڵەوە ڕێگەیان پێ نەدام، پێیان وتم کچ چۆن دەبێت بڕوات بۆ شوێنێکی دیکە و هاتوچۆ بکات، ئەمە بۆ ئێمە زۆر عەیبه!".

"ڕۆژێك مامێکم هات بۆ لای باوکم و پێی وت،"دەبێت ڕێگە نەدەیت گەڵا بۆ خوێندن بڕوات بۆ جێگەیەکی دیکە"، لەو كاته‌ی كه‌ گوێم لە قسەکانی مامم بو، ناخۆشترین ساتەکانی ژیانم بو، مامم دەیوت کچ نابێت (بگەڕێت!) و هاتوچۆی سەر شەقامەکان بکات، کچ و خوێندیان نەوتوە.

گەڵا وتی،"یەك هەفتە من دەگریام و بیرم لە داهاتوی خۆم دەکردەوە، هەمو شەوێك بیرم لە دەسپێکردنەوەی خوێندن دەکردەوە، کە منیش وەك هاوڕێکانم بچم بۆ خوێندن".

ئەو بێبەشكراوە لە خوێندن وتیشی،"هەشت ساڵە دەرگای قوتابخانە دەکرێتەوە من هه‌مو ساڵێ بۆ ئەو ڕۆژە دەگریم کە ڕێگەیان نەدام درێژە بە خۆێندنەکەم بدەم".
گەڵا لەگەڵ کچەکانی هاوڕێی کە(8)کچ بون، پێکەوە هەمویان دەرکراون

 

ساڵح حوسێن، ئەنجومەنی گوندی قولەبەرز ده‌ڵێ،"لادێکەمان تا پۆلی شەشی خوێندنی تێدا دەکرێت، دوای ئەوە کچەکان دەردەکرێن". ئەنجومەنی گوند وتی،"گەڵا لەگەڵ کچەکانی هاوڕێی کە(8)کچ بون، پێکەوە هەمویان دەرکراون، چونکە قوتابخانە لە گوندەمان بۆ قۆناغی دوای شەشی بنەڕەتی نییە".

ئەمە تەنیا چیرۆکی یەك کچە، بەڵام زۆرن ئەو كچانەی كە لە گوندەكانی گەرمیانن و به‌بێ ویستی خۆیان دورخراونەتەوە لە خوێندن.

ڕۆبیتەن حەمەڕەشید، ئەنجومەنی گوندی توڕکەی ڕوبیتان، سەر بە قەزای کەلار دەڵێت،"پارساڵ پێنج قوتابیمان هەبو، پەروەردە مامۆستای بۆ دابین نەکردین، قوتابییەکان ناچار وازیان لە خوێندن هێنا، ئەمە لە كاتێكدا ئەو قوتابیانە هێشتا پۆلی شەشی بنەڕەتیان تەواو نەکردبو".

فریاد هیدایەت، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەو توندوتیژی لە گەرمیان، دەڵێت،"به‌گوێره‌ی یاسای ژمارە (8)ی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی، دەرکردنی منداڵ لە خۆێندن بە هەر بیانویەك بێت، بەتوندوتیژی ئەژمار دەکرێت".

فریاد وتی،"هەر لایەنێك یان کەسێك ئەگەر زانی منداڵێك دەردەکرێت لە خوێندن، با بەڕێوەبەرایەتی ئاگاداربکاتەوە، ئێمە رێكاره‌كانی خۆمان دەکەین لەگەڵ کەسوکاری قوتابییەکە، و ئەمە ئەرکی مامۆستایانیشە کە ئەم بەرپرسیاتییە لە ئەستۆ بگرن و هەواڵی دەرکردنی خۆێندکارەکان بە ئێمە بگەێنن".

پێویستە لەهەر لادێیەك بۆ ئەوەی قۆناغی بنەڕەتی خوێندنی تێدا بکرێتەوەو مامۆستای بۆ دابین بكرێت لە 8 قوتابی كەمتری نەبێت

 

دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، لەسەر ئەم پرسە دەڵێت،"پێویستە لەهەر لادێیەك بۆ ئەوەی قۆناغی بنەڕەتی خوێندنی تێدا بکرێتەوەو مامۆستای بۆ دابین بكرێت لە 8 قوتابی كەمتری نەبێت، لە دوای ئەوە، بۆ قۆناغی ئامادەیی لەسەر پەروەردە نییە مامۆستا و قوتابخانە دابین بکات، دەکەوێتە سەر خوێندکارەکە". هەروەها وتی،"بۆ ئەم ساڵ هەوڵ دەدەین مامۆستا بۆ گوندی توڕکەی ڕۆبیتان دابین بکەین".

ئاری رەسول، بەرپرسی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی دەزگای ڕوانگە، کە کار لەسەر پەروەردە دەکەن، دەڵێت،"دروشمی سەرەکی دەزگای ڕوانگە ئەوەیە کە دەبێت هەمو تاكێك بخوێنێت و بتوانێت درێژە بە خوێندنەکەی بدات".

ئاری، ئه‌وه‌شی وت: "ئێمە کار بۆ هەمو ناوچەیەکی کوردستان دەکەین، ئێمە کاری دروستکردنی قوتابخانە و دابینکردنی پێداویستییەکانی دەکەین؛  ئەمە یەکێکە لە بەشەکانی پرۆژەکانمان".

ئاری بۆ گوندەكانی گەرمیان، دەڵێت،"بە دڵنیاییەوە کاری جددی بۆ کچانی گوندەکانی گەرمیان دەکەین، لەگەڵ وەزیری پەروەردەشدا دەربارەی ئەم کێشەیە کۆدەبینەوە تا بتوانین وەك پرۆژەیەك کاریان بۆ بکەین".

ئەگەرچی حکومەت و ماڵەوەیان بونەته‌ هۆکاری ئەوەی گەڵا درێژە بە خوێندنەکەی نەدات، بەڵام ئه‌و کۆڵی نەداوەو دەیەوێت لە ڕێگەیەکی دیکەوە هەوڵ بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی بدات.

گەڵا وتی،"من هەوڵم داوە لە ڕێگەی فێربونی پیشەیەکەوە زیاتر بەردەوامی بەژیانم بدەم و زۆرجار هەوڵ دەدەم کاری دیکە بکەم  دریژەبە ژیان بدەم ".

دەشڵێت،"خوێندنی ئێمە ڕۆیشت! خەمی من خەمی خوشك و کچانی زۆربەی گوندەکانی دیکەیە".

گەڵا ناوێکی خوازراوە.

دوای بەشداریکردنی لەخولێکی رێخراوی "Internews" لەسەر شێوازی نووسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری، نووسەر ئەم راپۆرته‌ی نووسیوە.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP