پەرلەمانتارێک: دابەشکردنی موچەی مانگی تەموز دەستپێدەکات

- 10/7/2019 2:04:00 PM 33680 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستا رایگەیاند، سبەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی تەموزی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات.
سبەی سێشەممە دەست بە دابەشکردنی موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان دەکرێت

 

بەهجەت سپینداری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاندوە، پەیوەندی بە بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە کردوە و ئەو پێی ڕاگەیاندوە، کە سبەی سێشەممە دەست بە دابەشکردنی موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان دەکرێت.
هەر لەم هەفتەیەدا موچەی یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە دابەش دەکرێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەم هەفتەیەدا موچەی یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.

بڕیاربو سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی و ئابوری گەنجینەکان ئاگاداربکاتەوە و دەستبەدابەشکردنی موچەی مانگی تەموز بکرێت، بەڵام تا ئێستا دابەشکردنی موچە دەستیپێنەکردوە.

بەیانی ئەمڕۆ عەبدولڕەحمان ساڵح، بەڕێوبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاندبو، تائێستا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی موچەی مانگی تەموز ئاگادار نەکراونەتەوە.

سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانیش کە بە گوێرەی خشتەی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی بڕیاربو سەرەتا هەمو مانگێک دەستپێبکات، بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی وتی، ئەوان تەنها لە کاتی دابەشکردنی موچەدا ئاگادار دەکرێنەوە و نازانن هۆکارەکانی چیە.
وەزارەتی دارایی و ئابوری لەمساڵدا نۆ موچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، سێ موچەیان هی مانگەکانی 10، 11 و 12ی ساڵی رابردو بو

 

وەزارەتی دارایی و ئابوری لەمساڵدا نۆ موچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، سێ موچەیان هی مانگەکانی 10، 11 و 12ی ساڵی رابردو بو، کە بەهۆی "قەیرانی دارایی"یەوە نەدرابو، هەروەها شەش موچەی ئەمساڵیش دابەشکراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP