وردەکاری بڕیارەکان بخوێنەرەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە وەڵامی خۆپیشاندەراندا 17 بڕیاری دەرکرد

- 10/6/2019 11:02:00 AM 93067 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری لەبارەی داوای خۆپیشاندەرانەوە دەرکرد و بڕیاریدا بەپەلە 17 هەزار زەوی نیشتەجێبون دابەشبکات و 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبون دروستبکات و موچەی مانگانە بداتە بێکاران.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی ئێوارەی رۆژی شەممەیدا لە وەڵامی داوای خۆپیشاندەراندا 17 بڕیاری دەرکرد و تیایدا هاتوە، یەکەم، دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زەوی نیشتەجێبون لە هەمو پارێزگاکانی عێراق دەکرێتەوە، بڕیارەکەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە داهاتیان سنوردارە.
17 هەزار یەکەیەکی  نیشتەجێبون دابەشدەکرێت بۆ ئەو کەسانە کە داهاتیان سنوردارە لە پارێزگای بەسرە

 

ئاماژە بەوەشکراوە، 17 هەزار یەکەیەکی  نیشتەجێبون دابەشدەکرێت بۆ ئەو کەسانە کە داهاتیان سنوردارە لە پارێزگای بەسرە، پڕۆسەکەش لە ماوەی چوار هەفتەدا تەواو دەکرێت.

لە بڕیاری سێیەمیشدا هاتوە، ئامادەکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەی نیشتیمانی بۆ نیشتەجێبون کە دروستکردنی 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە هەمو پارێزگاکان دەگرێتەوە و پارێزگا هەژار نشینەکان پێشینەیان پێدەدەرێت. 
لە ماوەی دو هەفتەدا پارێزگاری پارێزگاکان ناوی ئەو کەسانەی هەژارن و چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە تۆماربکرێن

 

ئەوەش خراوەتەڕو، لە ماوەی دو هەفتەدا پارێزگاری پارێزگاکان ناوی ئەو کەسانەی هەژارن و چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە تۆماربکرێن بۆ ئەنجومەنی وەزیران بنێردرێن، بۆ ئەوەی زەویان پێدرێت.

لە خاڵی پێنجەمی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتوە، وەزارەتی دارایی راسپێردراوە لە بودجەی ساڵی 2020 دا بەشی پێدانی قەزر بە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بتوانن یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکەن زیاد بکات، ئەو قەرزە بەبێ سود و بەگوێرەی یاسا دەردرێت بە هاوڵاتیان.
موچەیەک دەدرێت بە 150 هەزار هاوڵاتی بۆ ماوەی سێ مانگ، لە چوارچێوەی پشتیوانی حکومەت لە کەسانی پەکەوتە و ئەو کەسانەی ناتوانن کار بکەن

 

لە خاڵی شەشەمدا دەڵێت، موچەیەک دەدرێت بە 150 هەزار هاوڵاتی بۆ ماوەی سێ مانگ، لە چوارچێوەی پشتیوانی حکومەت لە کەسانی پەکەوتە و ئەو کەسانەی ناتوانن کار بکەن مانگانە 175 هەزار دیناریان پێدەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش 785 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
بازاڕی هاوچەرخ لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دروستدەکرێت، حکومەت 60  ملیار دیناری بۆ تەرخان دەکات

 

لە خاڵی حەوتەمیشدا هاتوە، بازاڕی هاوچەرخ لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دروستدەکرێت، حکومەت 60  ملیار دیناری بۆ تەرخان دەکات، پێویستە ئەو کەسانەی دەبنە خاوەنی دوکانەکان لانی کەم دوو هاوڵاتی بێ کار بخەنەسەر کار، بەوەش 45  هەزار هەلی کار دەرەخسێنن.
150 هەزار گەنج و دەرچوانی زانکۆ بۆ ماوەی سێ مانگ بەشداری راهێنانەکان دەکەن و بە بڕی 175  هەزار دینار هاوکاری دەکرێن

 

خاڵی هەشتەمی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژە بەوەکراوە، ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی راهێنان بۆ گەنجان و ئەو کەسانە بکرێت کە دەتوانن کار بکەن، 150 هەزار گەنج و دەرچوانی زانکۆ بۆ ماوەی سێ مانگ بەشداری راهێنانەکان دەکەن و بە بڕی 175  هەزار دینار هاوکاری دەکرێن، حکومەت بۆ ئەو کەرتە (785) ملیار دیناری تەرخانکردوە.
 ئەو کەسانەی لە راهێنانەکانی خاڵی هەشتەم سەرکەوتوو دەبن، هاوکاری دەکرێن بۆ ئەوەی پڕۆژەی بازرگانی بچوک و مام ناوەند دابمەزرێنن

 

لە بڕیاری نۆیەمشدا دەڵێت، ئەو کەسانەی لە راهێنانەکانی خاڵی هەشتەم سەرکەوتوو دەبن، هاوکاری دەکرێن بۆ ئەوەی پڕۆژەی بازرگانی بچوک و مام ناوەند دابمەزرێنن، ئەویش بەپێدانی قەرز لە سندوقی قەرز و بانکی ناوەندی عێراق، حکومەت تریلیۆنێک دیناری بۆ تەرخانکردوە.
ئەو کەسانەی بەشداری لە ر‌اهێنانی پیشەسازی دەکەن، حکومەت پارچە زەوییەکیان بە گوێرەی یاسای پیشەسازی پێدەدات و هەموو ئیمتیازاتەکانی یاسای خزمەتی پێشەسازی دەیانگرێتەوە

 

ئەنجومەنی وەزیران لە بڕیاری دەیەمدا باسی لەوەکردوە، ئەو کەسانەی بەشداری لە ر‌اهێنانی پیشەسازی دەکەن، حکومەت پارچە زەوییەکیان بە گوێرەی یاسای پیشەسازی پێدەدات و هەموو ئیمتیازاتەکانی یاسای خزمەتی پێشەسازی دەیانگرێتەوە.
وەزارەتی بەرگری دەرگای خۆتۆمارکردنی بۆ گەنجانی تەمەن 18-28 ساڵ دەکاتەوە بۆ ئەوەی وەکو خۆبەخش لە ریزەکانی سوپادا راهێنان بکەن

 

ئەوەش خراوەتەڕو، لە رۆژی 15/10/2019 ەوە وەزارەتی بەرگری دەرگای خۆتۆمارکردنی بۆ گەنجانی تەمەن 18-28 ساڵ دەکاتەوە بۆ ئەوەی وەکو خۆبەخش لە ریزەکانی سوپادا راهێنان بکەن.
 
ئەنجومەنی وەزیرانی وەزیران لە خاڵی دوازدهەمدا رایگەیاندوە، وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ پێداچونەوە و چاکسازی لە گرێبەستەکانیاندا بکەن.
وەزارەتی پەروەردە رێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ وانەبێژان و خۆبەخشەکاندا بگرێتەبەر

 

لە بڕیاری سیانزەهەمیدا هاتوە، وەزارەتی پەروەردە رێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ وانەبێژان و خۆبەخشەکاندا بگرێتەبەر بە گوێرەی یسای بودجەی ساڵی داهاتو و بە گوێرەی پێویستی.

بڕیاری چواردەهەمیش دەڵێت، وەزارەتی کشتوکاڵ رێنمایی تایبەت بە بەخشینی قەرزی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەربکات، کە لە رابردوو لای جوتیاران بووە تاوەکو بەرواری 31/12/2019. 
پارێزگارەکان و چاودێری کۆمەڵایەتی لیستێک دروستبکەن لەو کەسانەی کە لە ژێر هێڵی هەژاری دان و بۆ ئەوەی موچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان پێبدرێت

 

رونیشیکراوەتەوە، پارێزگارەکان و چاودێری کۆمەڵایەتی لیستێک دروستبکەن لەو کەسانەی کە لە ژێر هێڵی هەژاری دان و بۆ ئەوەی موچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان پێبدرێت، حکومەت توانای پێدانی ئەو موچەیەی بە 60 هەزار خێزان هەیە.

لە بڕیاری ژمارە شانزەهەمیشدا جەختکراوەتەوە، کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردوو وەکو شەهید تۆماردەکرێن و خێزانەکانیان هەموو ئیمتیازاتێکی تایبەت بە کەسوکاری شەهیدان دەیانگرێتەوە.

لە کۆتا بڕیاریشدا وەزارەتی تەندروستی راسپێردراوە هەمو ئاسانکارییەک بۆ بریندارانی خۆپیشاندانەکان وهێزە ئەمنییەکان بکات، ئەو کەسانە تەواوی تێچوی چارەسەرکردن و ناردنە دەرەوەیان ئەگەر پێویستی کرد حکومەت لە ئەستۆی دەگرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP