بەپەلە

سەرۆك بەرهەم لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق لە كۆبونەوەدایە

- 10/5/2019 8:57:00 PM 2757 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

ئەمشەو سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، لە ماڵەكەی خۆی لە تەنیشت بینای كۆشكی سەلام، بە ئامادەبونی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە سەركردە سیاسییەكانی عێراق كرد.

بەگوێرەی زانیارییەكانی خەندان، لەئێستادا سەرۆك بەرهەم ساڵح، لەگەڵ سەركردەی بەشێك لە سەركردەی ئەو هێزە سیاسییانەی لە پەرلەمانی عێراق كورسیان هەیە لە كۆبونەوەدایەو گەنگەشەی دواین روداوەكانی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوی بەشێك لە شارەكانی عێراق دەكەن.

خەندان زانیویەتی، كە لەكۆبونەوەكەدا سەرۆك بەرهەم داوای لە سەركردەی هێزە سیاسییەكانی عێراق كردوە كار بكەن لەسەر ئەو داخوازییانەی خەڵكی عێراق هەیانە و هەوڵبدەن رێگەچارەی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی خواست و داواكاری خۆپیشاندەران بدۆزنەوە و هاوكاری و هەماهەنگی حكومەت بكەن لە خێرا جێبەجێكردنی ئەو خواستانەی خۆپیشاندەران هەیانە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی خەندان، بەردەوام ماڵەكەی سەرۆك بەرهەم جمەی دێت لە سەركردەی هێزە سیاسییەكان و نوێنەرانی ئەو هێزانە دێن و دەڕۆن و پەیامی هێزو لایەنە كۆك و ناكۆكەكان دەهێننە ناو هۆڵی دانیشتنەكان و گفتوگۆی لەسەر دەكەن بۆ گەیشتن بە رێگەی چارەسەری گونجاو.

هەر لەو كۆبونەوانەدا، سەرۆك كۆمار داوای كردوە هەمو هەوڵێك بخرێتەكار تاكو خوێنی هیچ تاكێكی عێراقی نەڕژێت و هێزە سیاسییەكان پێكەوە كار بكەن بۆ رزگاركردنی وڵات لەو دۆخەی تێی كەوتوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP