نهێنییەکانی سەرسوڕهێنەرترین ئابوری جیهان
راپۆرتێکی بنکۆڵکاری خەندانە لەبارەی گەشەی ئابوری چینەوە

- 10/5/2019 6:14:00 PM 7486 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بەهمەن ئەحمەد

چین لەماوەی کەمتر لەحەفتا ساڵدا لەوڵاتێکی لاوازی پەراوێزخراوەوە بوە یەکێک لەگەورەترین جەمسەرە ئابورییەکانی جیهان. 

لەساڵیادی دامەزراندنی کۆماری گەلی چیندا، توێژەران و ئابوری ناسانی جیهان ئاوڕێکی خێرایان لەپێشکەوتنە بەرچاوەکانی ئەو وڵاتەدایەوە کە خاوەنی سەرنجڕاکێشترین پێشکەوتنی ئابورییە لەجیهاندا، پێشکەوتنە ئابورییەکانی چین وێنەی لەجیهاندا نەبوە و بەردەوامیش جیاوازییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئاسیادا قوڵتر دەکاتەوە.

لەوبارەیەوە، کریس لیۆنگ پسپۆڕی ئابوری چین رایگەیاند، کاتێک پارتی کۆمۆنیستی چین دەسەڵاتی وەرگرت، چین زۆر زۆر لاوازبو، هیچ هاوبەشێکی بازرگانی و پەیوەندییەکی بازرگانی لەجیهاندا نەبو، تەنها پشتی بەخۆی دەبەست.

لەماوەی 40 ساڵی رابردودا، حکومەتی چین چەندین ریفۆرمی چاکسازی بەبازاڕکردن و ئابوری ئەنجامداوە و چەندین رێگای جیاوازی بازرگانی و وەبەرهێنانی کردۆتەوە، بەوهۆیەشەوە ملیۆنان هاوڵاتی وڵاتەکەی لەهەژاری رزگارکردوە.

خشتەی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی
لەلایەن بانکی جیهانییەوە ئامادەکراوە 
چین-رەنگی سەوز، ئەمریکا- رەنگی زەرد، بریتانیا-رەنگی مارۆنی، ژاپۆن رەنگی مۆر

گەورەترین کارەساتە مرۆییەکانی سەدەی رابردو، لەساڵانی پەنجاکاندا رویاندا، هەنگاوە گەورەکەی ماوتسی نوغ کە هەوڵیدا ئابوری جوتیاران بەپیشەسازی بکات، شکستیهێنا و لەنێوان ساڵانی 1959-1961 نزیکەی ( 10 بۆ 40) ملیۆن کەس گیانیانلەدەستدا، ئەوەش بوە گەورەترین روداوی لەبرسامردن لەمێژوی مرۆڤایەتیدا.

ئەمەش شکستە ئابورییە گەورەکەی ( شۆڕشی کولتوری بەدوادا هات) لەساڵانی شەستەکاندا، کە هەڵمەتێک بو ماوتسی دەستی دایە بۆ دورخستنەوەی کاریگەری پارتی کۆمۆنیست وەک نەیاری سەرەکی خۆی، بەڵام ئەو هەوڵەی ماوتسی بەتێکشکاندنی بەشی هەرە زۆری ژێرخانە کۆمەڵایەتییەکەی ئەو وڵاتە کۆتاییهات.

ۆرکشۆپی نێودەوڵەتی 
پاش مردنی ماوتسی لەساڵی 1979-دا دنغ شیاو بینغ، دوبارە دەستیکردەوە بەدانانی نەخشەی ئابوری چین. لەو قۆناغەدا جوتیاران مافی پێدانی زەوی و بەرهەمهێنانی خۆیان پێدرا، بەوەش ئاستی ژیان بەشێوەیەکی گشتی، باشتر بو قەیرانی خۆراکیش تاڕادەیەکی زۆر باش بو.

لەگەڵ بنیاتنانەوەی پەیوەندییە دپلۆماسییەکانی نێوان چین و ئەمریکا لەساڵی 1979-دا، دەرگا بەڕوی وەبەرهێنەرانی بیانیدا کرایەوە و هەڵپەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ دەستکەوتین دەستی کاری هەرزان و کەمی کرێ بوەهۆی ئەوەی پارە بەسەر هاوڵاتیانی چیندا ببارێت.

لەوبارەیەوە، دەیڤد مان، ئابوریناسی جیهانی لەبانکی ستاندەرد چارتد، دەڵێت، لەکۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوەوە، سەیرترین و ناوازەتریت پێشکەوتنی ئابوریمان لەمێژوی مرۆڤایەتیدا بینیوە.

بەدرێژایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردو، چین دەستی بەتۆمارکردنی رێژە خێراکانی گەشەکردنی ئابوری کرد و لەساڵی 1991-دا بوە هاوبەشی سەرەکی رێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی، ئەوەش تەکانێکی دیکە بو بۆ پێشکەوتنە ئابورییەکانی ئەو وڵاتە.
لەوبارەیەوە 

بەوشێوەیە، دەیڤد مان، ئابوریناسی جیهانی لەبانکی ستاندەرد چارتد، پێیوایە، چین پێشکەوتنە ئابورییەکانی چین بوە ۆرکشۆپێکی جیهانی.

خشتەی بەرهەمی هەناردەکراوی چین ( بەدۆلاری ئەمریکی) 
کەلوپەلی بەکاربەر- رەنگی سەوز، کەلوپەلی مامناوەند-رەنگی شین، کەرەستەی خاو- رەنگی زەرد، پێکهاتەکان-رەنگی مارۆنی، کەلوپەلی قوماش-رەنگی مۆر 
بەپێی زانیارییەکانی سکوڵی لەندەن بۆ زانستی ئابوری، لەساڵی 1978-دا قەبارەی هەناردەکردنی چین تەنها 10 ملیار دۆلار بوە کە کەمترە لە لەسەدا یەکی کۆی بازرگانی هەمو جیهان.

تا ساڵی 1985، قەبارەی هەناردەکردنی ئەو وڵاتە گەشتە 25 ملیار دۆلار و بەوشێوەیە گەشەکردنە ئابورییەکانی چین بەردەوامبو تا نزیکەی دو دەیە دواتر بەهای هەناردەکردن گەشتە 4.3 ترلیۆن، بەوەش چین بوە خاوەنی گەورەترین ناوەندی بازرگانی کەلوپەل لەجیهاندا. 

داڕمانی ئاستی هەژاری
چاکسازییە ئابورییەکان دەرفەتی بوژانەوە و هەڵسانەوەی دایە ملیۆنان هاوڵاتی چینی. لەوبارەیەوە بانکی جیهانی رایگەیاند، 850 ملیۆن خەڵک لەهەژاری رزگاری بو، وڵاتەکەش کەوتە سەر سکەی خۆی بۆ نەهێشتنی هەژاری لەساڵی 2020.

لەگەڵ ریفۆرمە ئابورییەکاندا، پرۆسەی پەروەردەش سەرپێخرا، زانست پەرەی سەند و پرۆژە بڕیاری گرنگ لەبارەی چۆنییەتی گەشەپێدانی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی پێشکەش کران و هەناوەکانی پێشکەوتن خێراتر دەکران.

بەگوێرەی دواین پرۆژەی پەروەردەیی چین، تاساڵی 2030 نزیکەی لەسەدا 27-ی دەستی کار لەو وڵاتە خاوەنی بڕوانامەی زانکۆدەبن، ئەوەش هەمان ئەو ڕێژەیەیە کە ئێستا ئەڵمانیا هەیەتی.

 داڕمانی ئاستی هەژاری
ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە ژیانیان لەخوار هێڵی هەژارییەوەیە بەپێی رێژەی دیاریکراوی نێودەوڵەتی ( داهاتیان 1.90 دۆلارە)


بەرزبونەوەی ئاستی نایەکسانی
تائێستاش بەرهەمەکانی گەشەکردنی ئابوری و پێشکەوتنەکانی بەشێوەیەکی یەکسان نەگەیەنراوەتە دەست هەمو هاوڵاتیانی چینکە رێژەی دانیشتوانەکەی 1.3 ملیار کەسە. بۆنمونەی گرفتی گەورەی  ئاستی بژێوی خەڵک و ناتەندروستی سەرچاوە داراییەکانیان لەنێو چینی مامناوەنددا لەناوچە هەژارنشینەکانیش هەستیپێدەکرا، ئەمە جگەلەوەی تەمەنی هێزی کار لەهەڵکشاندابو، بەشێکیش لەهاوڵاتیانی ئەو وڵاتە هێشتا شارەزایی تەواوی کارکردنیان نەبو. بەوجۆرە نایەکسانی بەشێوەیەکی بەرفراوان لەناوچە گوندنشینەکان و شارەکاندا پەرەی سەند و قوڵتر بوەوە.

لەوبارەیەوە مان رایگەیاند، تەواوی ئابوری چین بەیەکسانی لەپێشکەوتندا نیە، جیاوازی گەورەی لەنێوان ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە.

لەوبارەیەوە بانکی جیهانی رایگەیەنادوە، داهاتی تاک لەچین هێشتا لەئاستی داهاتی ئەو وڵاتانەدایە کەئێستا لەقۆناغی گەشەکردندان و کەمترە لەیەک لەسەر چواری رێژەی گشتی ئابورییە پێشکەوتوەکان.

رێژەی گشتی داهاتی ساڵانەی تاک لەچین نزیکەی 10 هەزار دۆلارە، ئەوەش بەبەراورد بە 62 هەزار دۆلار لەنەوە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.

ملیۆنێرەکانی چین لەنێوان ساڵانی 2016-2017 
رەنگی مارۆنی: ژماری ملیۆنێرەکانی ئەمریکا، رەنگی شین: ژمارەی ملیۆنێرەکانی چین، رەنگی مۆر: ژمارەی ملیۆنێرەکانی هیندستان
گەشەکردنێکی هێواشتر
لەئێستادا چین لەقۆناغی گەشەکردنی لەسەرخۆدایە


لەماوەی چەند ساڵی رابردودا، رێژەی پشتبەستنی چین بەکاڵا هاوردەکراوەکانی زیاتربوە، بەوەش رێژەی بەکارهێنان بەئاستێکی کەم زیادیکردوە کە پێشتر سەرچاوەی گەشەکردنی ئەو وڵاتەبو.

هاوکات، ئاڵەنگاری نوێ لەو وڵاتە سەریانهەڵداوە، لەنێوانیشیاندا کەمبونەوەی رێژەی خواستی نێودەوڵەتی بۆ کاڵاکانی لەگەڵ بونی جەنگی بەردەوامی بازرگانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. 

هەروەها، فشاری گۆڕانی دیموگرافی و بەرزبونەوەی ئاستی تەمەنی هێزی کار داهاتوی ئابوری ئەو وڵاتەی خستۆتە ناو تەمومژێکی نادیارەوە.

تائێستاش، هەرچەند ئاستی گەشەی چین لەنێوان رێژەی لەسەدا پێنج بۆ لەسەدا شەشە، ئەو وڵاتە هێشتا یەکێک لەبەهێزترین بزوێنەرەکانی گەشەی ئابوری جیهانی.

لەوبارەیەوە، پسپۆڕانی ئابوری نێودەوڵەتی پێیانوایە، هێشتا چین لەسەدا 35-ی کۆی گەشەی ئابوری جیهانی پێکدەهێنێت، کە ئەوەش گەورەترین پشکی گەشەی ئابوری هەر وڵاتێکە لەجیهاندا و سێ هێندەی ئەمریکا گرنگی زیاترە بۆ گەشەی ئابوری جیهانی.

سنورەکانی هەنگاوی داهاتوی ئابوری چین
سەرەڕای ئاڵەنگارییە نوێیەکان، چین بەرەیەکی نوێی لەگەشەکردنی ئابوری جیهانیدا بۆخۆی کردۆتەوە. هەنگاوی داهاتوی چین بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزتری ئابوری لەڕێگای دابینکردنی شەپۆلێکی گەورەی بودجە دەبێت بۆ پرۆژەیەکی گرنگی ئابوری نێودەوڵەتی کە ئەویش پرۆژەی ( بێڵت ئاند رۆد)ی چینییە. 
مەودای پرۆژە ستراتیژییەکەی چین ( بێڵت ئاند رۆد)


ئەم پرۆژەیە لەساڵی 2013-دا لەلایەن سەرۆکی چینەوە راگەیەنراو وەک پرۆژەیەک بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و وەبەرهێنان، کە لەرۆژهەڵاتی ئاسیاوە درێژدەبێتەوە تا ئەوروپا. 

ناوی فەرمی پرۆژەکە ( بێڵت ئاند رۆد)-ەو هەندێک جاریش بە سیلک رۆد ناودەبرێت و یەکێک لەگەورەترین پرۆژەی خوازراوی چین لەمێژوی ئەو وڵاتەدا.

شیکەرەوە ئابورییەکان، ئەو پرۆژەیە بەدرێژکراوەی دەسەڵاتی چین ناودەبەن، لەگەڵ ئەوەی بەشێک لەپرۆژە پێشنیارەکراوەکان تێچوەکانیان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە. لەگەڵ ئاگادارییەکانی بەشێک لەوڵاتانی ئاسیا لەبارەی پرۆژە گرنگەکەی چین و ناوەزەندکردنی وەک ئەسپی تەروادە بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازی و ئابورییەکانی چین، ئیدارەی ترەمپ هۆشداری داوە لەوبارەیەوە و هەنگاوەکانی ئەمدواییەی ئەو ئیدارەیەش لەچوارچێوەی ئەو هەنگاوەدایە بۆ پەراوێزخستنی چین و پۆڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP